چوارچێوەی هەماهەنگی جەخت لە هاوپەیمانی لەگەڵ سەدر و پاڵپشتیی كاندیدێكی كورد بۆ سەرۆككۆمار دەکاتەوە

02-04-2022 07:27

پەرەگراف

لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكان دەستپێشخەرییەكی نوێیان هەیە و سوورن لەسەر پێكهێنانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ سەدرییەكان.

عەدنان سەراج، سەركردە لە دەوڵەتی یاسای نووری مالیكی كە لایەنێكی گرنگی چوارچێوەی هەماهەنگییە، بە پەرەگرافی وت "لە دوو ڕۆژی داهاتوودا دەستپێشخەرییەكیان دەبێت و قبووڵی ناكەین یاری بە ماوە دەستوورییەكان بكرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق".

ئەو سەركردەیەی دەوڵەتی یاسا وتیشی، پێیانوایە هاوپەیمانیی لەگەڵ سەدرییەكان بۆ پێكهێنانی فراكسیۆنی گەورەی پەرلەمانیی تاكە چارەسەرە بۆ دەربازبوون لە چەقبەستن تا پێكەوە پاڵپشتیی یەكێك لە كاندیدە كوردەكان بكەن بۆ سەرۆككۆمارو ڕێككەون لەسەر كاندیدی هاوبەش بۆ سەرۆكوەزیران.

شەوی ڕابردوویش چوارچێوەی سەركردەكانی هەماهەنگی لە نووسینگەی نووری مالیكی لە بەغدا كۆبوونەوە و وەڵامی دەستپێشخەرییەكەی موقتەدا سەدریان دایەوە كە داوای لێ‌ كردبوون "حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی بەبێ‌ كوتلەی سەدری" پێك بهێنن.

واتر لە ڕاگەیەندراوێكدا چوارچێوەكە جەختی كردەوە لەوەی كە پەیوەستن بە دەستوور و پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی لە نێوان ئەوان و سەدرییەكان و هاوپەیمانەكانیان، پاشان ڕێككەوتن بكرێت لەسەر كاندیدی سەرۆكوەزیران بەپێی چەند مەرج و پێوەرێك.

شەوی 31-3-2022، موقتەدا سەرد، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، لە پەیامێكی توونددا ڕێككەوتن لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكانی ڕەت كردەوە و وتی "هیچ خێرێك لە حكومەتی تەوافوقی و پشكپشكێنەدا نییە. كێكەكەتان لەگەڵدا بەش ناكەم و ئەم چەقبەستووییە باشترە لە ڕێككەوتن لەگەڵ ئێوەدا".

پەیامەكەی سەدر دوای ئەوە هات كە هەمان ڕۆژ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی جارێكی دیكە بە بایكۆتكردنیان شكستیان بە كۆبوونەوەی پەرلەمان هێنا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار.

دواتریش لە كاردانەوەدا هەردوو هاوپەیمانەكەی سەدر جەختیان لە پابەندییان بە هاوپەیمانی لەگەڵ كوتلەی سەدری كردەوە و ڕایانگەیاند "بەبێ ئەوان حكومەتێكی بەهێز پێك نایەت".

پارتی و هاوپەیمانیی سەروەری لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا، بۆ پێكهێنانی حكومەت جەختیان لە "گفتوگۆی نیشتمانیی بنیاتنەرانە"ی لایەنە عێراقییەكان "دوور لە دەستوەردانی دەرەكی" و "لێكتێگەیشتن لە نێوماڵی شیعە" كردەوە.

هەروەها سووربوونی خۆیان لەسەر "پشتگیری و ڕێككەوتنی هەموو لایەنەكان لەسەر كاندیدەكەی ڕەوتی سەدر بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران" دووپات كردەوە.