دەسەڵاتی دادوەریی عێراق: مانەوەی بەرهەم ساڵح لە پۆستەكەیدا نادەستوورییە

02-04-2022 07:42

پەرەگراف

ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق ڕایگەیاند، بەردەوامبوونی بەرهەم ساڵح لە پۆستی سەرۆككۆمار، نادەستوورییە.

فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق دەڵێت "دوای تەواوبوونی ماوەی 30 ڕۆژ لە ئەنجامدانی یەكەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران، بەردەوامبوونی سەرۆككۆمار لە پۆستەكەی سەرپێچییەكی ئاشكرای دەستوورە".

سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەریی دەشڵێت "كاتێك دادگای فیدڕاڵی ڕێگەی بە سەرۆككۆمار دا بەردەوام بێت لە ئەركەكەی، ئیجتیهادی كرد هەتا دەرچەیەك بۆ ئەو سەرپێچیە دەستوورییە بدۆزێتەوە".

بەهۆی ڕێكنەكەوتنی لایەنە سیاسییەكان، پەرلەمانی عێراق سێ جار شكستی هێناوە لە كۆكردنەوەی ڕێژەی یاسایی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری نوێ و هێشتا ئەو پرسە بە نادیاریی ماوەتەوە.

كێشەی پۆستی سەرۆككۆمار پەیوەندیی بە ململانێكانی نێوان پارتی و یەكێتییەوە هەیە كە تا ئێستا لەسەر كاندیدێكی هاوبەش ڕێكنەكەوتوون و هەر یەكەیان شەڕی كۆكردنەوەی پاڵپشتی بۆ كاندیدەكەی خۆی دەكات.

پارتی دیموكرات و بە تایبەتیش مەسعود بارزانیی سەرۆكی ئەو حیزبە، دژی كاندیدكردنەوەی بەرهەم ساڵحن لەلایەن یەكێتییەوە، بەڵام یەكێتی ڕەتی دەكاتەوە هیچ كاندیدێك جگە لەو بە فەرمی پێشكەش بكات.