شۆفێرانی تاكسی جارێكی دیكە گردبوونەوە؛ داوای بەنزینی 500 دیناری دەكەن

03-04-2022 01:22

پەرەگراف

شۆفێرانی تاكسی جارێكی دیكە دژی كەمیی ژمارەی ئەو بەنزینخانانەی بۆ بەنزینی 690 دیناری بۆیان دیاری كراوە و گرانیی نرخەكەی، لەبەردەم پارێزگای سلێمانی گردبوونەوەیان ئەنجام دا.

ئەو شۆفێرانە داوا دەكەن نرخی بەنزینەكە بكرێت بە 500 دینار و ژمارەی بەنزینخانەكانیشیان بۆ زیاد بكرێت.

شۆفێرێكی تاكسی بۆ پەرەگراف وتی "دیاریكردنی دوو بەنزینخانە بۆ دابەشكردنی بەنزینی 690 دیناری بۆ تاكسییەكان، لە شارێكی وەكوو سلێمانی كە 25 هەزار تاكسیی تێدایە، زۆر كەمە".

ئەو شۆفێرە وتیشی "سیستەمی تاك و جووت باشە، بەڵام پێویستە ژمارەی بەنزینخانەكان بۆ چوار تا شەش بەنزینخانە زیاد بكرێن، وەكوو هەولێر كە شەش بەنزینخانەیان بۆ دیاری كراوە".