ئەم مانگە دوو بەشەخۆراك دابەش دەكرێت، كەی دەست پێ‌ دەكات و ماددەكان چین؟

03-04-2022 02:43

پەرەگراف

بە بڕیاری وەزارەتی بازرگانیی عێراق، لە مانگی ڕەمەزاندا دوو بەشەخۆراك بەسەر خێزانەكاندا دابەش دەكرێت و لەم هەفتەیەشدا دابەشكردنی بەشەخۆراكی یەكەم لە هەرێمی كوردستان دەست پێ‌ دەكات.

نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانیی حكومەتی هەرێم، بۆ پەرەگراف وتی "لە عێراق دەست كراوە بە دابەشەكردنی بەشەخۆراكی یەكەم، زۆربەی مەوادەكانیش گەیشتوونەتە كۆگاكانی هەرێمی كوردستان".

نەوزاد شێخ كامیل وتیشی "لەگەڵ تەواوبوونی دابەشكردنی ئەم بەشەخۆراكە كە لەم هەفتەیەدا دەست پێ‌ دەكەین، بەشەكەی دیكەیش دێت و دابەش دەكرێت".

"وا دەكەین كە لە یەك تا 15ی ڕەمەزان بەشەخۆراكی یەكەم دابەش بكەین، لە دوای 15ی ڕەمەزانیش تا نزیكی جەژن بەشەخۆراكی دووەم دابەش دەكەین"، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی بۆ پەرەگراف وای وت.

سەبارەت بە ماددە خۆراكییەكان، نەوزاد شێخ كامیل وتی "تەنیا لەتکەنۆک گۆڕاوە بە نیسک، ئەوى دیکەى وەکو خۆیەتى: بۆ هەر نەفەرێك قوتویەکى 400 گرامى دۆشاوى ئاڵتونسا، دەبەیەكى یەک لیترى زەیتى تورکى، سێ‌ كیلۆ برنجى تایلەندى، یەك كیلۆ شەكر، نیوكیلۆ فاسۆلیا و نیوكیلۆ نیسك دەبێت".

جەختیشی كردەوە كە هەموو پێكهاتە خۆراكییەكان كوالێتی و جۆریان باشە و لە پشكنین دەرچوون، "هەر لەو مەوادانەن كە هاووڵاتیان لە بازاڕەكان دەیانكڕن".

لەمساڵدا تا ئێستا، تەنیا یەک بەشەخۆراک دراوە بە هاووڵاتیان.