وەکیلێکی سیستانی پەیوەندیی بە کاندیدێکی کوردەوە دەکات بۆ پۆستی سەرۆککۆمار

03-04-2022 03:30

پەرەگراف

وەکیلێکی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، پەیوەندیی بە عومەر بەرزنجی یەکێک لە کاندیدە کوردەکانی پۆستی سەرۆککۆمارەوە کردووەو لەسەر ئەو پۆستەو پڕۆسەی سیاسی گفتوگۆیان کردووە، بەپێی زانیارییەکانی پەرەگراف کە لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەستی کەوتووە. 

پەرەگراف پەیوەندیکرد بە عومەر بەرزنجی کە هاوکات باڵیۆزی عێراقە لە قەتەر، ناوبراو زانیارییەکەی پشتڕاستکردەوەو وتی "بەڵێ ڕاستە، سێ ڕۆژ لەمەوبەر یەکێک لە وەکیلەکانی سەماحەتی سەید عەلی سیستانی پەیوەندیی پێوەکردم، بەڵام نەیگوت پەیوەندییەکە فەرمییەو بەناوی نوسینگەی سەید سیستانییەوەیە، باسی پۆستی سەرۆککۆمارمان کرد".

عومەر بەرزنجی ئامادەنەبوو ناوی ئەو وەکیلەی سیستانی ئاشکرا بکات، وتی "ئەو کەسایەتییە زۆر خۆشحاڵیی و تەمەنای ئەوەی دەربڕی کە ئەگەر من پۆستەکە وەربگرم، بەڵام من ئەو پۆستە بەهی کورد دەزانم و کلیلەکەی لای کوردە، هەتا کورد بەتایبەت پارتی و یەکێتی هەردووکیان لەسەر من ڕێکنەکەون ئەو پۆستەم ناوێت تەنانەت ئەگەر هەموو لایەنەکانی دیکەی عێراق کۆکیشبن لەسەرم".

عومەر بەرزنجی بەرلەوەی ببێتە باڵیۆزی عێراق لە قەتەر لە ڤاتیکان باڵیۆز بووەو ساڵی ٢٠١٦ سەردانی نەجەفی کردووە مەرجەعەکانی شیعەی بینیوەو وەکخۆی دەڵێت پەیوەندیی بەردەوامی لەگەڵیاندا هەیە، بەڵم ئەو وەکیلەی عەلی سیستانی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەیوەندیی پێوە کردووە، یەکەمجاری بووە پەیوەندییان هەبێت و قسە لەگەڵ یەکتردا بکەن.

لەبارەی گرنگیی و کاریگەریی ئەو پەیوەندییەی وەکیلەکەی سیستانی، عومەر بەرزنجی وتی "گرنگییەکەی دوای ئەوە دەست پێدەکات سەرکردایەتی کورد، پارتی و یەکێتی من وەک کاندیدی هاوبەشی خۆیان بناسێنن، ئەوکاتە گرنگەو ئەوانیش پێیانخۆشە".

عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، لەسەر هەر پرسێک قسە بکات بۆ شیعەکان کە زۆرینەی عێراقن یەکلاکەرەوەیە، سیستانی بەهۆی نیگەرانیی لە سیاسییەکان و حکومڕانییان، چەندین ساڵە بایکۆتی کەسایەتییە سیاسییەکانی کردووەو کەسیان نابینێت و لەسەر پرسە سیاسییەکانیش قسە ناکات.

پۆستی سەرۆککۆمار پشکی کوردەو هێشتا پارتی و یەکێتی ڕێکنەکەوتوون لەسەر چۆنیەتی پڕکردنەوەی و هەریەکەیان کاندیدی خۆیان هەیەو لە کێبڕکێدان، هەروەکچۆن شیعەکانیش لەسەر کاندیدی سەرۆکوەزیران و چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەتی نوێ ڕێکنەکەوتوون.

ئەو ناکۆکییانەش وایکردووە پەرلەمانی عێراق سێ جار شکستی هێناوە لە کۆکردنەوەی ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتاران بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار.

عومەر بەرزنجی تەئکید لە گرنگیی گەیشتنە ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی دەکات لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار، وتی "ئەگەر ئەوان لەسەر کاندیدی لایەکیان یاخود لەسەر کەسێکی دەرەوەی خۆیان ڕێککەون بۆ ئەو پۆستە ئەگەر منیش نەبم پێمخۆشەو دەکشێمەوە لە پڕۆسەکە، هەرلەسەرتاوە بە نیەتی بوون بە کاندیدی چارەسەر لە نێوان پارتی و یەکێتیدا خۆم کاندید کردووە".

"پێموایە دەبوو تائێستا پارتی و یەکێتی بگەیشتنایەتە ڕێککەوتن، چارەسەر ڕێککەوتنە لەسەر یەکێک لە کاندیدەکانی خۆیان یان کەسێکی دەرەوەی خۆیان بۆئەوەش لەناو کاندیدە کوردەکاندا کەسی باش هەن و دڵنیام هەرکاممان بین کارێک دەکەین کەس پەشیمان نەبێت لە کاندیدکردنمان" بەرزنجی وای وت.