بەهۆی نەمانی دەرمان لە نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی ژیانی چەندین نەخۆش لە مەترسیدایە

04-04-2022 02:12

پەرەگراف

بەهۆی كەڵەكەبوونی كێشە چارەسەرنەكراوەكانی بە تایبەت دابیننەكردنی دەرمان، نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی لەبەردەم ئەگەری لەكاركەوتندایە و ئەوەش مەترسی لەسەر ژیانی دەیان منداڵی نەخۆش دروست دەكات.

دكتۆر پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی، لە گفتوگۆیەكی تایبەت لەگەڵ پەرەگراف ڕایگەیاند، ئەگەر چارەسەری بارودۆخەكە نەكرێت، لە ڕۆژانی داهاتوودا هیچ دەرمانێك لە نەخۆشخانەكەدا نامێنێت و هیچ نەخۆشێك چارەسەر وەرناگرێت.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە هۆشداری دەدات لەوەی كە "پێشتریش بەهۆی مانگرنی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستییەوە چەندین منداڵمان دەبینی كە ژیانی لە مەترسیدا بوو، منداڵ هەبوو گیانی لەدەست دەدا. بۆیە ئەگەر كێشەی دەرمان چارەسەر نەكرێت، بە دڵنیاییەوە ئەو مەترسییانە ڕوو دەدەن".

"ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، ڕەنگە دەرمانی چارەسەری خێرایشمان نەمێنێت، هەندێك خێزانیش لە توانایاندا نییە لە دەرەوە دەرمان بكڕن و ئەوەش ژیانی چەندین منداڵ دەخاتە مەترسییەوە"، دكتۆر پشدەر عەبدوڵڵا وا دەڵێت.

نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی كە لەم ساڵانە دواییدا فراوان و نۆژەنكراوەتەوە، لە ئێستادا "كێشەی كەمیی كارمەند، كەمیی پێداویستییەكانی پشكنینی تاقیگە، كەمیی دەرمان و پێداویستیی سەرەتایی پزیشكی"ی هەیە، بە جۆرێك كە بەڕێوەبەرەكەی دەڵێت "تەنانەت بۆ پێداویستیی سەرەتایی وەكوو لۆكە ئێمە خۆمان سواڵمان كردووە، ئێستا هەندێ‌ خەڵك وەڵامی تەلەفۆنیشمان نایەنەوە، دەزانن بۆ پێویستیی نەخۆشخانە تەلەفۆنیان بۆ دەكەین".