بەراوردی 2020 و 2021؛ جیابوونەوەی هاوسەران 3% زیادی كردووە

04-04-2022 05:35

پەرەگراف

بەپێی بەراوردی نێوان ئامارەكانی تەڵاق و مارەبڕینی دادگاكانی هەرێم، بەراورد بە 2020 لە 2021دا بە ڕێژەی لەسەدا سێ‌ (3%) جیابوونەوەی هاوسەران زیادی كردووە. هەروەها مامەڵەكانی وەفاتنامە زۆر زیاتر بووە لە مامەڵەی بەڵگەنامەی لەدایكبوون.

بەپێی ئەو ئامارانە كە وێنەیەكی دەست پەرگراف كەوتووە، لە ساڵی 2020دا لە دادگاكانی هەرسێ‌ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆك 44 هەزار و 410 حاڵەتی مارەبڕین تۆمار كراون، هاوكات جیابوونەوە 7566 حاڵەت بووە كە دەكاتە لەسەدا 17ی ئاماری مارەكردن.

لە ساڵی 2021دا ئاماری مارەبڕین لە دادگاكانی ئەو سێ‌ پارێزگای هەرێم بۆ 52 هەزار و 552 حاڵەت بەرز بووەتەوە، هاوكات 10606 حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار كراون كە دەكاتە لەسەدا 20ی ئاماری مارەبڕین.

بەپێی بەراوردی نێوان هاوسەرگیری و جیابوونەوە، لە ساڵی 2021دا ڕێژەی جیابوونەوە لە هەولێر لەسەدا 21، لە سلێمانی لەسەدا 23 و لە دهۆك لەسەدا 13 بووە.

بەڵام لە ساڵی 2020دا ڕێژەكە نزمتر بووە، جیابوونەوە لە هەولێر و سلێمانی لەسەدا 19ی ڕێژەی هاوسەرگیری بووە. لە دهۆكیش لەسەدا 11 بووە.

لە دادگاكانی هەولێر لە ساڵی 2021دا، 2032 مامەڵەی بەڵگەنامەی لەدایكبوون و 5260 مامەڵەی وەفاتنامە كراون. لە سلێمانییش 3510 مامەڵەی بەڵگەنامەی لەدایكبوون و 5085 وەفاتنامە هەبوون. هەرچی پارێزگای دهۆكیشە 1550 بەڵگەنامەی لەدایكبوون و 2105 وەفات نامە تۆمار كراون.

لە سنووری پارێزگای هەولێر كە ساڵی 2020 مامەڵەی مارەبڕین (هاوسەرگیری) 16803 حاڵەت بووە، لە 2021دا بۆ 18964 حاڵەت بەرز بووەتەوە، كە جیاوازیی نێوانیان 2161 حاڵەتە.

هەر لە پارێزگای هەولێر، تەڵاق (لێكجیابوونەوە) 782 حاڵەت زیادی كردووە، بە جۆرێك لە ساڵی 2020دا 3261 حاڵەت تۆمار كراوە، لە 2021دا بۆ 4043 بەرز بووەتەوە.

لە سنووری پارێزگای سلێمانییش مارەبڕین (هاوسەرگیری) 4285 حاڵەت زیادی كردووە، بە جۆرێك لە 2020دا 15862 حاڵەت تۆمار كراوە، لە 2021دا بۆ 20147 بەرز بووەتەوە.

هاوكات تەڵاق (لێكجیابوونەوە) 1765 لە سلێمانی زیادی كردووە، بە جۆرێك لە ساڵی 2021دا 3002ی جیابوونەوە تۆمار كراوە، بەڵام لە 2021دا بۆ 4767 بەرز بووەتەوە.

هەرچی پارێزگای دهۆكیشە 1696 حاڵەتی مارەبڕین (هاوسەرگیری) تێیدا زیادی كردووە، لە ساڵی 2020دا 11745 مارەبڕین لە دادگاكانی پارێزگاكە تۆمار كراون، لە ساڵی 2021دا بۆ 13441 بەرز بووەتەوە.

تەڵاق (لێكجیابوونەوە)یش لە دهۆك 493 بەرز بووەتەوە، كە لە ساڵی 2020دا 1303 جیابوونەوە تۆمار كراون، لە 2021دا بەرزبووەتەوە بۆ 1796 حاڵەت.