ھۆشدارییەک لە پارتییەوە بۆ ڕێواز فایەق: زۆرینە بەکار دەھێنین

05-04-2022 02:04

پەرەگراف

فراكسیۆنی پارتی ڕایدەگەیەنێت "ئەگەر سەرۆكی پەرلەمان دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان ڕانەگەیەنێت و هێزێكی سیاسی بیەوێت دانیشتنەكان پەك بخات"، زۆرینەی پەرلەمانیی پارتی بەكار دەهێنن و "سەپاندنی ئیرادە لە هیچ كەس و لایەنێكی سیاسی قبووڵكراو نابێت". سەرۆكی فراكسیۆنە دەشڵێت "ئەمە هۆشدارییە نەك داواكاری".

فراكسیۆنی پارتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە پەرلەمانی كوردستان، ڕای خۆی لەبارەی هەڵبژاردنەوە خستە ڕوو و ڕایگەیاند "مافی هیچ هێز و لایەنێك نییە مافی هەڵبژاردن لە گەلی كوردستان زەوت بكات، تەنیا لەو كاتەدا پرسی هەڵبژاردن دەگەڕێتەوە پەرلەمان كە گرفتێكی یاسایی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردندا هەبێت".

زانا مەلا خالید، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی، وتی "لە 3-11-2021ـەوە لە كۆبوونەوە سەرۆكی فراكسیۆنەكان لەگەڵ سەرۆكایەتیی پەرلەمان، ڕای فەمیی پارتیمان ڕاگەیاندووە كە لەگەڵ ئەوەیە بەر لە وادەی كۆتاییهاتنی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان كە 6-11-2022 كۆتایی دێت، هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت و هەرێمی كوردستان نەكەوێتە فەراغی یاساییەوە".

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی جەختی كردەوە كە "پارتی ئامادە نییە زۆرینەی پەرلەمانیی خۆی بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەكار بهێنێت".

سەبارەت بە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنیش کە وادەی یاسایی ئەنجوومەنەكەی بەسەرچووە، فراكسیۆنی پارتی ڕایگەیاند "چۆن لە ساڵی 2014 لەسەر بنەمای بەركەوتەی هەڵبژاردنی 2013 ئەنجوومەنەكەی پێكهێنراوە لە نێوان پارتی، یەكێتی، گۆڕان، یەكگرتوو و كۆمەڵ، ئێستاش زەروورە لەسەر بنەمای دوایین هەڵبژاردن كە 2018یە، كۆمیسیۆن دروست بكرێتەوە".

زانا مەلا خالید ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەو چوار لایەنەی دیكە دژی كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن لەسەر بنەمای بەركەوتەی هەڵبژان بوون، هەر بۆیە "لەبەر ئەوەی پارتی سوورە لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا، ئێمە ڕازی بووین بەو پێشنیارە كە ئەم كۆمیسیۆنە كارا بكرێتەوە و بۆشایی ئەندامە ڕۆیشتووەكانی پڕ بكرێتەوە".

"بەڵام بە داخەوە بە بیانووی ئەوەی كە پێویستە هەمواری یاسای هەڵبژاردن بكرێت و ئێمە وەكوو یەكێتی پرۆژەمان هەیە، وتیان پێویستە هەمواری یاسای هەڵبژاردن و پرسی كاراكردنەوەی هەڵبژاردن بە یەكەوە بە یەك پاكێج لە دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان بخرێتە بەرنامەی كارەوە"، زانا مەلا خالید وای وت.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ڕەخنەی ئەوەی لە سەرۆكی پەرلەمان گرت كە "لە كۆبوونەوەی 13-3 لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان، لایەنگریی یەك لایەنی دیاریكراوی ناو پەرلەمانی كردووە، وەكوو ئەوەی بیری چووبێت كە ئەو بە دەنگی زۆرینەی پارتی و هاوپەیمانەكانی بووەتە سەرۆكی پەرلەمان".

"بەڕێز سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و برادەرانی یەكێتی دەبێت ئەوە باش بزانن كە نە هەولێر بەغدایە و نە پەرلەمانی كوردستانیش ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە، كە بیانەوێت بە یەك لەسەر سێی پەكخەر دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان و پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان پەك بخەن"، فراكسیۆنی پارتی وا دەڵێت.