پێنج فراکسیۆنی گەورەی پەرلەمان لە بەرەیەکدان و ناچنە ژێرباری فشارەکانی پارتی

05-04-2022 06:02

پەرەگراف

یەكێتی و چوار فراكسیۆنی گەورەی دیكەی پەرلەمانی كوردستان سوورن لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و جێگیركردنی سیستەمی فرەبازنەیی هاوشێوەی عێراق. ئامادە نین بچنە ژێر "فشار"ی پارتی بۆ دەستهەڵگرتن لەو هەوڵە.

سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتی بە پەرەگرافی وت، لێكتێگەیشتنیان لەگەڵ نەوەی نوێ، گۆڕان، یەكگرتوو و كۆمەڵ ھەیە كە بەبێ ھەمواری یاساكە ئامادەی ھەڵبژاردن نین و ناچنە ژێرباری ھیچ فشارێكی پارتی و دەبێت ئەو پڕۆژەی ھەموارەی پێشكەش كراوە بخرێتە بەرنامەی كاری پەرلەمانەوە.

بەپێی ئەو پرۆژەی ھەموارە، هەرێمی كوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردن بەپێی پارێزگاكان دابەش دەكرێت، دابەشكردنی كورسییەكانی پەرلەمانیش بەسەر بازنەكاندا بەگوێرەی ژمارەی دانیشتوانی هەر پارێزگایەك دەبێت.

بەشێك لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی گۆڕان و سەربەخۆكانیش پاڵپشتیی هەوڵەكانی هەمواری یاسی هەڵبژاردن و چەسپاندنی سیستەمی فرەبازنەیی دەكەن.

ئەمڕۆ فراكسیۆنی پارتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا جەختی لە بۆچوونی خۆی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بەم یاسایەی ئێستا كردەوە و هۆشداریشی دایە لایەنەكانی دیكە كە بە زۆرینەی پەرلەمانی خواستەكانی جێبەجێ‌ دەكات.

لای خۆیشیەوە عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری، لە وەڵامی فراكسیۆنی پارتیدا وتی "ئێمە لەگەڵ یەك بازنەیی هەڵبژاردندا نین، لە هەموو دنیا یەك بازنەیی بوونی نەماوە".

سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ وتیشی "كۆمەڵێك كەموكوڕی لەیاسای هەڵبژاردندا هەیە، ئەگەر بەو یاسایە هەڵبژاردن بكرێتەوە، هەمان سیناریۆی 2018 دووبارە دەبێتەوە لە ساختەكاری و بەكارهێنانی پێكهاتەكان".

"تۆماری دەنگدەرەكانمان 400 هەزار جیاوازیی هەیە لەگەڵ بەغدا! خولی پێشووی هەڵبژاردن لە كۆی 45 كورسیی پارتی 36یان لە دهۆك بووە و ساختەكاریی بێشومار كراوە، بەو شێوە زۆرینەی پەرلەمانییان دروست كردووە"، عەبدولستار مەجید وا دەڵێت.
سەبارەت بە پێكهاتەكانیش، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ وتی "دەبێت پێكهاتەكان نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن ‌و نوێنەرایەتییان بكات، نەك نوێنەرایەتیی حیزبێكی تر بكات، با پێكهاتەكان تۆماری دەنگدەرانی تایبەت بەخۆیان هەبێت".

یەكێتی و چوار فراكسیۆنەكەی دیكە داوا دەكەن هەردوو بابەتی كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن و هەمواری یاسی هەڵبژاردن لە یەك دانیشتنی پەرلەماندا پێكەوە بكرێن، بەڵام پارتی ئەوە ڕەت دەكاتەوە.

چەند ڕۆژێكە ئەو مۆڵەتە تەواو بووە كە كۆمسیۆن داینابوو بۆ یەكلاییكردنەوەی چارەنووسی ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران، تا بتوانن هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدەن كە ١ی١٠ی ئەمساڵە، تا ئێستاش پرسەكە بە نادیاری ماوەتەوە.

* ھۆشدارییەک لە پارتییەوە بۆ ڕێواز فایەق: زۆرینە بەکار دەھێنین