وەزیری تەندروستی: كەمبوونەوەی دەرمان لە نەخۆشخانەكانی سلێمانی بەهۆی نەبوونی پارەی كاشەوەیە

05-04-2022 07:09

پەرەگراف

وەزیری تەندروستی هۆكاری كەمبوونەوەی دەرمان لە بەشێك لە نەخۆشخانەكانی سلێمانی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە پارەی كاش لە بانكەكانی شارەكەدا نییە تا بدرێت بە كۆمپاناكانی دەرمان.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حكومەتی هەرێم، ڕایگەیاند "لیژنەیەك لەسەر ئاستی وەزارەت دروست كراوە بۆ ئەوەی سەردانی سلێمانی بكەن و بە شێوەیەكی مەیدانی بەدواداچوون بۆ كێشەكان بكرێت".

وەزیری تەندروستی جەختی كردەوە كە ناهێڵن دۆخەكە بگات بەو حاڵەتەی دەرمان بە تەواوی لە نەخۆشخانەكاندا نەمێنێت. داوایشی لە كۆمپانیاكانی دەرمان كرد زیاتر دان بە خۆیاندا بگرن.

ماوەی چەند مانگێكە پارەی كۆمپانیاكانی دەرمان و خزمەتگوزارییەكان لە سنووری پارێزگای سلێمانی نەدراوە و دەرمان لە نەخۆشخانە گشتییەكاندا بەرەو تەواوبوون دەچێت.

ئەمە لە كاتێكدایە بەهۆی كەڵەكەبوونی كێشە چارەسەرنەكراوەكانی بە تایبەت دابیننەكردنی دەرمان، نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی لەبەردەم ئەگەری لەكاركەوتندایە و ئەوەش مەترسی لەسەر ژیانی دەیان منداڵی نەخۆش دروست دەكات.

دوێنێ‌ 4-4-2022، دكتۆر پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی، لە گفتوگۆیەكی تایبەت لەگەڵ پەرەگراف ڕایگەیاند، ئەگەر چارەسەری بارودۆخەكە نەكرێت، لە ڕۆژانی داهاتوودا هیچ دەرمانێك لە نەخۆشخانەكەدا نامێنێت و هیچ نەخۆشێك چارەسەر وەرناگرێت.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە هۆشداری دەدات لەوەی كە "پێشتریش بەهۆی مانگرنی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستییەوە چەندین منداڵمان دەبینی كە ژیانی لە مەترسیدا بوو، منداڵ هەبوو گیانی لەدەست دەدا. بۆیە ئەگەر كێشەی دەرمان چارەسەر نەكرێت، بە دڵنیاییەوە ئەو مەترسییانە ڕوو دەدەن".