پەرەگراف پلانی پارتی و ترسی لایەنەکان لە کۆبوونەوەی پەرلەمان ئاشکرا دەکات

06-04-2022 04:37

پەرەگراف- فەرمان سادق

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان ترسیان لە پلانێکی پارتی هەیە بۆ تێپەڕاندنی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و پەکخستنی هەمواری یاسای هەڵبژاردن، هەربۆیە نایانەوێت دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام بدرێت.

بانگهێشتی پەرلەمانتاران بۆ دانیشتنی پەرلەمان لە دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمان دایەو هەتا ئەو ئامادەیی هەبێت کەسی دیکە ناتوانێت ئەو کارە بکات، بەڵام دانانی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی پەرلەمان بە دەنگی زۆرینەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەبێت بۆئەوەش جێگرو سکرتێری پەرلەمان کە لەبەرەی پارتین دەتوانن ئامانجی پارتی بەدی بهێنن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەو یاسایەی ئێستا هەیە تێپەڕێنن.

سەرچاوەیەکی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان بە پەرەگرافی وت "سەرۆکی پەرلەمان سوورە لەسەر ئەوەی تا سازان نەکرێت دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام نادرێت".

ئەو سەرچاوەیە پلانی پارتی لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پەرلەمان ئاشکرا کرد، وتی "پارتی پلانی هەیە لە دانیشتنی پەرلەماندا لە پێشدا کۆمسیۆن کارا بکاتەوە تا بتوانێت هەڵبژاردن بەڕێوە ببات، پاشانیش پرسی هەمواری یاسای هەڵبژاردن بباتە لیژنەی یاسایی کە لە کۆی ١١ ئەندام، شەشیان لە بەرەی پارتین و لەوێدا هەموارەکە پەک دەخەن تا کۆمسیۆن ناچار بێت بە یاسا کۆنەکە هەڵبژاردن بەڕێوە ببات".

"ئەوەیە ترسی یەکێتی و لایەنەکانی تر، بۆیە تا سازان و ڕێککەوتن نەکرێت دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام نادرێت، ئەگەریش بێ سازان ئەنجام بدرێت مەترسی دوولەتبوونی هەرێمی کوردستان هەیە" سەرچاوەکە وای وت.

فراکسیۆنی پارتی دوێنێ هۆشدارییان بە سەرۆکی پەرلەمان دا، کە ئەگەر وادەی دانیشتنی پەرلەمان ڕانەگەیەنێت، ئەوا پەنا بۆ زۆرینەی پەرلەمانیی دەبەن و بە پشتیوانیی دەنگی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان ئەو پرسە بەبێ سازان تێدەپەڕێنن.

ئەو هەڵوێستەی پارتی لە کاتێکدایە یەکێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنی پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان ئەوەیە ئەو پرسانەی ڕەهەندی نیشتمانییان هەیە وەک هەڵبژاردن و کۆمسیۆن دەبێت بە سازان تێپەڕێندرێن نەک زۆرینەی پەرلەمانیی، هەرلەسەر هەمان پرس لە ٨-٢-٢٠٢٢ سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکەم کەس بووە واژۆی لەسەر یاداشتێکی سەرۆک فراکسیۆنەکان کردووە کە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوەو تێیدا داواکراوە بەبێ سازان کۆبوونەوە ئەنجام نەدەن لەسەر ئەو بابەتە.