پەرلەمانتارێكی یەكێتی: هەڵبژاردن بەبێ هەمواركردنەوەی یاساكەی ئەنجام نادرێت

06-04-2022 04:48

پەرەگراف

پەرلەمانتارێكی یەكێتی جەخت دەكاتەوە كە "هەڵبژاردن بەبێ هەمواركردنەوەی یاساكەی ئەنجام نادرێت". دەشڵێت "ئەو فراكسیۆن و پەرلەمانتارانەی داوای فرەبازنەیی دەكەین، نوێنەرایەتیی زۆرینەی دەنگدەرانی كوردستان دەكەین و بە 53 كورسی ٨٨ هەزار و ٦٠٢ دەنگمان لە پارتی و هاوپەیمانەكانی زیاترە".

لوقمان وردی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان، لە گفتوگۆیەكی تایبەتی پەرەگرافدا وتیشی "لە دنیادا كار بە سیستەمی هەڵبژاردنی یەكبازنەیی ناكرێت تەنیا لە ئیسرائیل نەبێت، بۆیە ئێمە موكوڕین لەسەر ئەوەی یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە و كوردستان بكرێت بە چوار بازنە".

ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی داوا لە فراكسیۆنی پارتی دەكات گفتوگۆ لەگەڵ یەكێتی و ئەو فراكسیۆنانە بكات كە داوای هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن دەكەن و دەڵێت "خواستەكانی پارتیش لە چوارچێوەی فرەبازنەییدا جێدەكەینەوە".