گۆڕان: ڕێکەوتنەکەمان لەگەڵ پارتی نیوەی جێبەجێ نەکراوەو دوو ئیدارەیی وەزیرى دارایى نیگەران کردووە

07-04-2022 02:27

پەرەگراف

بزووتنەوەی گۆڕان هۆکاری نیگەرانیی وەزیری دارایی بۆ دوو ئیدارەیی دەگەڕێنێتەوەو دەڵێت، بە مەسرور بارزانییان وتووە کە لەسەدا ٥٠ی ڕێککەوتنەکەیان بۆ پێکهێنانی حکومەت جێبەجێ نەکراوە.

دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە لە پشکی گۆڕان، ناوەڕۆکى کۆبونەوەى تیمەکەیان و تیمی پارتى بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی ئاشکرا دەکات و ئەو زانیارییانە ڕەتدەکاتەوە کە لە میدیاکانەوە لەوبارەیەوە بڵاوکراوەتەوە.

"هەردولا سەرنج و تێڕوانینى خۆمان خستەڕو، ئەوەمان خستوەتەڕو کە (50%)ى رێککەوتنەکەمان بۆ پێکهێنانى کابینەى حکومەت جێبەجێ نەکراوە و ململانێى پارتى و یەکێتیش رەنگدانەوەى خراپى لەسەر کارەکانى وەزیر و وەزارەتى دارایى دروستکردوە و وایکردوە نەتوانێت وەک و دامەزراوەیەکى یەکگرتو بە ئەرکى خۆى هەستێت و لەکاتى پێویستدا داواکارى و پێویستیەکانى خەڵک و دامەزراوەکان پڕبکاتەوە" دانا عەبدولکەریم وادەڵێت کە خۆی بەشداربووە لە کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ پارتی.

ئەو وەزیرەی گۆڕان لە لێدوانێکى رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکى کۆبونەوەکە ئاشکرا دەکات کە لەسەر دو بابەتى سەرەکى بووە، یەکەم هەڵسەنگاندنى ئەو رێککەوتنەى لە نێوان پارتى دیموکراتى کوردستان و بزوتنەوەى گۆڕان ئەنجامدراوە بۆ پێکهێنانى حکومەت کە لەسەر ئەو بنەمایە کابینەى نۆیەمى حکومەت پێکهێنراوە، دوەم لەبارەى نیگەرانییەکانى وەزیرى دارایییەوە.

لەبارەى ئەوەى گلەییان هەیە لە ئاستى جێبەجێکردنى رێککەوتنەکەیان لەگەڵ پارتى، دانا عەبدولکەریم دەڵێت "بە دڵنیاییەوە، چونکە ئێمە رێککەوتنێکى نوسراومان هەیە بۆ پێکهێنانى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێم، داواکارین ئەو رێککەوتنەى کراوە جێبەجێ بکرێت کە تائێستا (50%)ى جێبەجێ نەکراوە، پارتی-ش سەرنجى هەیە و بەشێکى جێبەجێنەکردنى رێککەوتنەکەى بەو لایەنە بەستوەتەوە کە هەندێک کارەکتەرى سیاسى رەنگە پابەند نەبوبن یان هەنگاوەکانیان بە جۆرێک لە جۆرەکان دژى حکومەت بوە، لەو روەوە کۆبونەوەکە زۆر بەرپرسیارانە بو، هەردولا سەرنج و تێبنیەکانمان خستەڕو، هاوکات سەرنج و تێبینیەکانى ئەندامانى جڤاتی نیشتمانى گۆڕان بۆ ئێمە، گەیاندمان بە سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران".

وەزیری ئاوەدانکردنەوە ئاماژەى بەوەشکرد کە گۆڕان مەبەستیەتى ئەو رێککەوتنەى کردویانە بۆ پێکهێنانى حکومەت ببێتە مایەى پاراستنى هەرێمى کوردستان و خزمەتى خەڵک و حکومەت کاراو خزمەتگوزار بێت، "هەردولاشمان هاوڕابوین لەسەر ئەوە و کۆبونەوەکە بەو ئاڕاستەیە رۆشت کە ئەو بەشەى ماوە لە رێککەوتنى نێوانمان، جێبەجێ بکرێت".

لەبارەى نیگەرانى تیمى پارتى دیموکراتى کوردستانەوە، وتى "پێکهاتەى بزوتنەوەى گۆڕان جیاوازە لە پارتى دیموکراتى کوردستان و شێوازى کارى حزبیان و تێگەیشتنیان بۆ حیزبایەتى جیاوازە، مەوداى رەخنەگرتن لە بزوتنەوەى گۆڕان فراوانترە و ناتوانین رێ بە رەخنەکان نەدەین، بەڵکو دەبێ رەخنەکان بگیرێن و کاریگەرى لەسەر ئێمە و حکومەت هەبێ بۆ ئەوەى کارى باشتر بکەین، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت کە بزوتنەوەى گۆڕان بەرپرسیارێتیەکانى خۆى جێبەجێ نەکات، بەڵکو ئێمە کە لە حکومەتین بەو پەڕى تواناوە کارمان کردوە بۆ جێبەجێکردنى ئەو کارنامەیەى لە چوارچێوەى هێڵە گشتیەکانى کابینەکە لە پەرلەمان سوێندمان لەسەر خواردوە و وەک بەڵێن بە خەڵکمان داوە".

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیان نیگەرانییەکانی وەزیری دارایی بووە کە نزیکەی دوو مانگە دەوام ناکات و داوای کردووە گۆڕان کەسێکی دیکە لە شوێنی دابنێت.

"وەزیرى دارایى و ئابورى لەم دۆخە ململانێیەى پارتى و یەکێتى نیگەرانە کە رەنگدانەوەى خراپى لەسەر کارەکانى وەزارەتى دارایى دروستکردوە، دەبێت راشکاو بین لەوەى هەرێمى کوردستان لەروى داراییەوە دو ئیدارەییە و ئەم ململانێیەش کارێکى کردوە وەزارەتى دارایی نەتوانێت وەک و دامەزراوەیەکى یەکگرتوە بە ئەرکى خۆى هەستێت و بەوەش ئیحراجییەکى زۆر بۆ وەزیرى دارایى دروست دەبێت کە نەتوانێت لەکاتى پێویستدا هەندێک لە داواکارى و پێویستیەکانى خەڵک و دامەزراوەکان پڕبکاتەوە" دانا عەبدولکەریم وادەڵێت.

دەشڵێت، پشتیوانى تیمى حکومەتى گۆڕانىان بۆ داواکایى و نیگەرانییەکانى وەزیرى دارایى دوپاتکردەوە، "وەک تیمى حکومەت پشتگیریمان کردوە بەوەى کارێک بکەین شوێنەوارى ئەو ململانێیەى هەیە کەم بکرێتەوە بۆ ئەوەى هەمو ناوچەکانى کوردستان خزمەتگوزارى و ئاسانکارییەکانى حکومەتى وەک یەک پێبگات".

وەزیرەکەی گۆڕان ئەوەش دەخاتەڕوو، هەفتەى داهاتو رەنگە چەند کۆبونەوەیەکى دیکە لە نێوان تیمى هەردولا ئەنجام بدرێت، دەشڵێت "سەرلەبەرى ئەوەى لە چەند میدیایەک بڵاو کراوەتەوە لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەى دوێنێوە درۆیە، مەرج و مەرجکارى بەهیچ شێوەیەک باس نەکراوە، سەرۆکى حکومەت کەسێکى بەرپرسیارە و هەر خۆى شتى وا لەگەڵ تیمى گۆڕان باسناکات، نە گۆڕان ملکەچى ئەجێنداى پارتى دەبێت و نە پارتیش ملکەچى ئەجێنداى گۆڕان دەبێت، ئێمە وەک وەک گۆڕان دەمانەوێت ئەرزیەت و بەرنامەیەکى هاوبەش هەبێت بۆ خزمەتکردنى نیشتیمان و خەڵکى خۆمان، چونکە کە نیشتیمان تێکچو لە هەموان تێکدەچێت".