مامۆستایان و فەرمانبەران سكاڵای بێمووچەییان بردەوە بەر دەرگای بەغدا

07-04-2022 03:34

پەرەگراف

بەشێك لە مامۆستایان و فەرمانبەران سكاڵای بێمووچەییان ئاراستەی دەسەڵاتە فیدراڵییەكانی عێراق كرد "تا چارەسەرێكی ڕیشەیی" بۆ بدۆزنەوە. ئەوان دەڵێن " لە ڕووانگەی ئێمەوە تەنیا چارەسەر ئەوەیە حكومەتی عێراقی ڕاستەوخۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابەش بكات".

لە پەیامێكدا كە ئاراستەی پەرلەمان، حكومەت و سەرۆكایەتیی كۆماری عێراقیان كرد، ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانە داوایان كرد حكومەتی عێراق "وردبینیی ورد لە داهاتی نەوت، خاڵە گومرگییەكان و ناوخۆی هەرێمدا بكات. چیتر ڕێگە نەدرێت دوو بنەماڵە یاری بە مووچە و بژێویی هاووڵاتیان بكەن".

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە لەبەردەم نووسینگەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە سلێمانی ئەنجامیان دا، مامۆستایان و فەرمانبەران وتیان "لە هەشت ساڵی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی هەرێم مووچەی 12 مانگیان بە تەواوی پێ‌ نەداوین، 36 مانگیش چارەكێك یان نیوەی مووچەكانیان پێ‌ داوین".

"مووچە بەپێی یاسا كارپێكراوەكان ڕێكخراوە و هیچ كەسێك بۆ نییە دەستكاریی بكات، بەڵام ماوەی هەشت ساڵە دەسەڵاتدارانی هەرێم بە نایاسایی و بە چەندین شێواز دەستكاریی مووچەی مامۆستایان، فەرمانبەران و خانەنشینانیان كردووە و بەشێكی زۆری مووچەیان لێ‌ دزیون"، مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی وایان وت.

هەروەها ئاماژەیان بەوە كرد كە "لە ساڵی 216دا بە نایاسایی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانیان ڕاگرتووە. لەمساڵیشدا كە نرخی نەوت لە بەرزترین ئاستدایە، هیچ مانگێك مووچەیان لە كاتی خۆیدا دابەش نەكردووە".