ملیاران دۆلاری عێراقییە گەندەڵەکان لە بانكەكانی لوبناندا دەبن بە هەڵم

09-04-2022 02:11
خۆپیشاندانی لوبنانییەکان لەبەردەم بانکی ناوەندیی وڵاتەکەیان بەهۆی قەیرانی داراییەوە

پەرەگراف

قەیرانی دارایی و مایەپووچبوونی لوبنان پارەی ئەو سەرکردە عێراقییە گەندەڵانە لەناودەبات کە ئاودیویان کردووە بۆ ئەو وڵاتە.

ڕۆژنامەی سەباحی فەرمیی عێراق لە ڕاپۆرتێكدا دەڵێت، پسپۆڕانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، قەیرانە داراییەكەی لوبنان بە "فیشەكی رەحمەت" ناو دەبەن بۆ ئەو کەسە گەندەڵانەی عێراق كە پارەكانیان لە بانکەکانی ئەو وڵاتە داناوە.

ڕۆژنامەکە ئەوە دەخاتەڕوو، پەیوەندیی مایەپوچبونی لوبنان بەو پارانەی كە مافیاكانی گەندەڵیی لە عێراق ئاودیویان كردووە، "ئابڕوچونێكی نوێیە كە ئاستی گەندەڵی لە عێراق ئاشكرا دەكات".

ئامارێکی ورد لەبەردەستدا نییە لەبارەی قەبارەی ئەو پارانەی عێراقییەکان كە لە بانكەكانی لوبناندا دانراون، بەپێی ڕۆژنامەی سەباح "بە نزیكەی 18 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێن و هەندێك راپۆرتیش دەڵێن زیاتر لە 50 ملیار دۆلارە".

هاوکات بەپێی ڕاپۆرتی دیلۆیت لە ساڵی ٢٠٢١وە ٢٩٤ ملیۆن دۆلارو ٣١٠ ملیۆن یۆرۆی حکومەتی هەرێم لە بانکێکی لوبناندا گلدراوەتەوە، هێشتا دیارنییە ئەو پارانەی هەرێمی کوردستانیش بەهۆی مایەپووچبوونەکەی لوبنانەوە بوون بە هەڵم یان نا؟.

محەمەد رەحیم روبەیعی سەرۆكی تۆڕی نەهرەین بۆ پاڵپشتی دەستپاكی‌و شەفافیەت كە ئەندامە لە رێككەوتنی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ روبەڕووبونەوەی گەندەڵی، دەڵێت "خاوەندارێتی زۆربەی ئەو پارانەی كە لە لوبنانن بۆ ئەو عێراقییە گەندەڵانە دەگەڕێتەوە كە لە ماوەکانی رابردوو پۆستی هەستیاریان وەرگرتووە یاخود ئەو حیزبە سیاسییانەن كە نەوت‌و سامانە سروشتییەكانیان بە قاچاخ بردووە‌و پارەکانیان خستووەتە بانكەكانی لوبنانەوە".

سەرۆكی تۆڕی نەهرەین دەشڵێت، ئەو پرسە فەرمانبەرانی بچوكیش دەگرێتەوە كە سەدان هەزار دۆلار کە لە كاری گوماناویی دەستیان کەوتووە، خستویانەتە بانكەکانی لوبنانەوە.

هەروەها مستەفا ئەكرەم حەنتوش پسپۆڕی ئابوری، دەڵێت "نەبوونی لێپرسینەوە لە سپیكردنەوەی پارە لە بانكەكانی لوبنان، سیاسەتمەدارو بازرگانەكانی هانداوە بۆ ئەوەی پارەكانیان لەوێ دابنێن".

هەفتەی ڕابردوو حکومەتی لوبنان مایەپووچبوونی حکومەت و بانکی ناوەندیی وڵاتەکەیی ڕاگەیاند، ئەوەش بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی چەند ساڵێکە بەرۆکی ئەو وڵاتەی گرتووە.