دكتۆر ئارا یوسف: سكاڵا لەسەر هەر كەسێك تۆمار دەكەم كە ناوی منی هێنابێت

09-04-2022 02:52

پەرەگراف

دكتۆر ئارا یوسف، پزیشكی پسپۆڕی پێست و جوانكاری لە سلێمانی، پاش ئەوەی لە دۆسیەی دەستدرێژیی دكتۆرێك بۆ سەر ژمارەیەك ئافرەت ناوی هێنرا، سکاڵا لەسەر دەیان کەس و ماڵپەڕ تۆمار دەکات و دەڵێت "بە هیچ جۆرێك لە هیچ كەسێك خۆش نابم".

هاوکات ئەبووبەكر هەڵەدنی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان كە ئەو بابەتەی وروژاندووە، ئەمڕۆ لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ پەرەگراف وتی "داوای لێبوردن دەكەم هیچی تر قسەی لەسەر ناكەم تەواو، شتێكی ترمان نییە لە ئێستادا لەسەری بیڵێین، بۆیە هیچی تری لەسەر ناڵێم".

دكتۆر ئارا یوسف لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری پەرەگراف ئامادەی بوو، وتی "دوو ئەندام پەرلەمان بایەتێكیان ورووژاندووە لەسەر دكتۆرێك كە دەستدرێژیی كردووەتە سەر چەند ئافرەتێك، كۆمەڵێك ماڵپەڕ و كەسانی نابەرپرس هەستان بە لكاندنی ئەو تۆمەتە بە منەوە".

دكتۆر ئارا ڕایگەیاند "وەكوو وەڵامێك، لەگەڵ كردنەوەی دەوام لە ڕۆژی یەكشەممە، لەگەڵ پارێزەرە تایبەتەكانم دەڵدەسین بە تۆماركردنی سكاڵای یاسایی لەسەر ئەو ماڵپەڕ، خاوەنی كۆمێنت و ئەو لایەنانەی كە هەستاون بە ناوزڕاندنم".

ئەو پزیشكە وتیشی "دوای بردنەوەی سكاڵاكان، داوای قەرەبووی ماددی دەكەم و قەرەبووەكە دەكرێت بە پرۆژەی خێرخوازی بۆ شارەكەم".

چەند ڕۆژێك لەمەوبەر پەرلەمانتار ئەبووبەكر هەڵەدنی لە بەرنامەیەكی كەی ئێن ئێندا وتی "پزیشكێكی جوانكاریی بەناوبانگ بە ناوی ئەوەی كە دەیخوازێت، دەستدرێژیی كردووەتە سەر ئافرەتێك و دووگیانی كردووە. بە گوتەی ئەفرەتەكە، ئەو پێنجەمین ئافرەت بووە كە دكتۆرەكە دەستدرێژیی كردووەتە سەری".

دواتریش وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، دكتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، پەیوەندیی بەو پەرلەمانتارەوە كردووە و داوای ناونیشان و ئاشكراكردنی ناسنامەی ئەو پزیشكەی كرد كە گوایە دەستدرێژیی سێكسی كردووە.

وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، بە هاوبەشی لەگەڵ سەندیكای پزیشكان و داواكاری گشتی، لێكۆڵینەوە و ڕێكاری یاسایی دەگرێتەبەر، لە ئەگەری پشتڕاستكردنەوەی ئەو دەستدرێژییە.