تەرمی پێنج كۆچبەری كورد دەگەڕێندرێنەوە كوردستان

09-04-2022 03:41

پەرەگراف

تەرمی پێنج كۆچبەری كورد كە نزیكەی چوار مانگ لەمەوبەر یەختەكەیان لە كەناراوەكانی یۆنان ژێرئاو كەوت، سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی كوردستان. ژمارەیەكی زۆر كۆچبەر لەو ڕووداوەدا هێشتا بێسەروشوێنن.

شێخ حسێن حەمەساڵح نوێنەری، دەزگای لووتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران لە وڵاتی یونان، ڕایگەیاند "دوای زیاتر لە سێ مانگ و نیو بەسەر ڕووداوی ژێرئاوكەوتنی یەختێكی كۆچبەران، تەرمی پێج كۆچبەری كورد بە چەند قۆناغێكی جیا جیا لەلایەن پۆلیسی كەناراوەكانی یۆنان دۆزرانەوە".

جێگر ئەبووبەكر برایم - تەمەن 22 ساڵ، پارێز ناسیح محەمەد - تەمەن 22 ساڵ، ژاكاو محەمەد ئەمین - تەمەن 23 ساڵ، سێڤدا فریاد عەلی تەمەن - تەمەن شەش ساڵ و محەمەد ڕێبوار عەبدوڵڵا - تەمەن دوو ساڵ، ئەو كۆچبەرە كوردانەن كە تەرمەكانیان دۆزرونەتەوە.

نوێنەری دەزگای لووتكە لە یۆنان دەڵێت "تا ئێستا مەلەفی سەرجەم بێسەروشوێنبووانی ئەو ڕووداوە و سەرجەم ڕووداوەكانی ساڵانی ڕابردوو، بە كراوەیی ماون و بەردەوامین لە بەدواداچوون بە مەبەستی هاوكاری و كارئاسانی بۆ كەسوكاریان".

شەوی 21-12-2021 بەلەمێكی كۆچبەران كە دەیان كۆچبەری كوردی تێدا بوو، لە نزیك دوورگەی سانتۆرینی یۆنان ژێرئاو كەوت و 27 كۆچبەری كورد بێسەروشوێن بوون، تەنیا حەوت كۆچبەری كورد ڕزگاریان بوو.

* ئاماری شەش ساڵی پەنابەرانی هەرێم و عێراق؛ ژمارەی قوربانییان چەندە؟