فراكسیۆنی پارتی داوای بانگهێشتی وەزیری دارایی بۆ پەرلەمان دەكات

10-04-2022 05:10

پەرەگراف

بەهۆی كێشەی بانكەكان و دەوامنەكردنی لە وەزارەتەكەی، فراكسیۆنی پارتی بە واژووی 34 پەرلەمانتاری یاداشتێكی داوەتە سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆ بانگهێشتكردنی وەزیری دارایی.

لیزا فەلەكەدین كاكەیی، پەرلەمانتاری پارتی، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "ئامانج لە بانگهێشتەكە ڕوونكردنەوەدانە لەلایەن وەزیری داراییەوە كە بۆچی ماوەیەكە دەوام ناكات، بۆ ئەوەی ئەگەر كێشەیەك هەبێت و لە توانای پەرلەماندا بێت، پشتگیریی بكەین".

پەرلەمانتارەكەی پارتی جەختی كردەوە كە پێویستە وەزیری دارایی لەبەردەم پەرلەماندا كێشەكانی پەیوەست بە دۆخی دارایی بانكەكانیش ڕوون بكاتەوە و، بابەتی بەردەوامبوونی یان نەبوونی لە پۆستەكەی یەلایی بكرێتەوە.

لە یاداشتەكەدا كە پێنجی ئەم مانگە ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كراوە، هاتووە "سەبارەت بە دۆخی دارایی لە بانكەكانی كوردستان، هۆكاری دەوامنەكردنی وەزیری دارایی لە وەزارەتی دارایی، داوا دەكەین دانیشتنێكی تایبەتی پەرلەمان بە ئامادەیی وەزیری دارایی ئەنجام بدرێت".

هەفتەی ڕابردوو تیمی بزووتنەوەی گۆڕان لە حكومەت، لەگەڵ مەسرورو بارزانی كۆبووەوە. دواتر ئەندامێكی تیمەكەی گۆڕان ڕایگەیاند كە بە مەسرور بارزانییان ڕاگەیاندووە "ململانێی پارتی و یەكێتی ڕەنگدانەوەی خراپی لەسەر كارەكانی وەزیر و وەزارەتی دارایی دروست كردووە، وای كردووە نەتوانێت وەكوو دامەزراوەیەكی یەكگرتوو بە ئەركی خۆی هەستێت".

دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە لە پشكی گۆڕان، لەبارەی ئەوەی گلەییان هەیە لە ئاستی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی، ڕایگەیاند "بە دڵنیاییەوە، چونكە ئێمە ڕێككەوتنێكی نووسراومان هەیە بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، تا ئێستا (50%)ی جێبەجێ نەكراوە".

* گۆڕان: ڕێکەوتنەکەمان لەگەڵ پارتی نیوەی جێبەجێ نەکراوە و دوو ئیدارەیی وەزیری دارایی نیگەران کردووە