فراكسیۆنی یەكگرتوو سكاڵا لەسەر حكومەت تۆمار دەكات و وەڵامی قوباد تاڵەبانی دەداتەوە

10-04-2022 06:06

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو ڕایگەیاند "لە بەرانبەر نەناردنی پرۆژەیاسای بوودجە بۆ پەرلەمان، نەمانی پارە لە بانكەكان و دواكەوتنی مووچە، ئەمڕۆ لە ڕیگەی داواكاری گشتییەوە سكاڵا لەسەر حكومەت تۆمار دەكەین".

شێركۆ جەودەت، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان، تایبەت بە كێشەی مووچەیش لە سلێمانی وتی، یەكێتی لە ئەنجومەنی وەزیران ڕێككەوتنێكی لەگەڵ پارتی كردووە كە هەرلایەك مووچە و خەرجی لە داهاتی خۆی بدات، لە كاتێكدا سلێمانی خەرجیی لە داهات زیاترە.

شێركۆ جەودەت ئاماژەی بەوەش كرد كە كێشەی دەستكاریی پارە لە بانكەكان و نەگەڕانەوەی داهاتی هەندێك خاڵی گومرگی لە سلێمانی هەیە و وتی "وەزیری دارایی بە نووسراوی فەرمی داوای كردووە كە دەستكاریی پارە لە بانكەكانی سلێمانی نەكرێت".

لە وەڵامی قوباد تاڵەبانیشدا كە وتی كێشەی مووچە سلێمانی نییە و باسی سلێمانی مەكەن، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو وتی "جێگری سەرۆكی حكومەت بڕیاردەری سلێمانییە و هەموو ئەو شتانە بە ئاگاداری و بەرچاوی ئەوەوە دەكرێن و لێیان بێدەنگە، بۆیە وازناهێنین و دەبێ سلێمانی و هەرێمی كوردستان لەم شڵەژاوە داراییە ڕزگار بكرێن".

"ئەوەی كە ڕوو دەدات تەنیا ئەوەیە كە یەكێتی و پارتی دەیانەوێت هەریەكەیان لای خۆیەوە كۆنترۆڵی داهات بكات، بۆ ئەوەی دەستوەردانی خۆیانی تێدا بكەن و حاكمیەت و سوڵتەی خۆیان بە هێزی داهات بسەپێنن"، شێردۆ جەودەت وای وت.

ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی دەستی بە دابەشكردنی مووچەی مانگی سێ‌ كرد، لە كاتێكدا بەرەو ناوەڕاستی مانگی چوار دەڕۆین و هەندێن شوێن لەوانە بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتەرنەریی سلێمانی، هێشتا مووچەی مانگی دوویان وەرنەگرتووە.