شاسوار عەبدولواحید داوای دەستوەردانی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک

11-04-2022 01:08

پەرەگراف

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ داوای دەستوەردانی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک لە هەرێم، بە پێچەوانەوە هۆشداریی دەدات لە تەقینەوەی دۆخەکە.

شاسوار عەبدولواحید، لە تویتێکدا بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزیی کە ئاڕاستەی حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە، دەڵێت "پرۆسەی سیاسی لە هەريم کۆتایی هاتووە، پەرلەمان پەکخراوە، نیەتێکی جدی نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، تەواوی دامەزراوەکان توشی شەلەل بوون، بۆیە داوا لە حکومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین کە دەتسوەردان بکەن لە هەرێم بە مەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد وە رزگارکردنی ئەوەی قابیلی رزگارکردنە".

"ئەگەر نا هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانە و سەقامگیری لەم دۆخەی کە خەریکە دەروات بەرەو تەقینەوە. ئێمە هەم وەک ئۆپۆزسیۆن و هەمیش هاوڵاتییانی هەرێم ناچارین هەنگاوی تر بگرینە بەر بۆ بەرگرییکردن لە مافی هاوڵاتییان و ژیانێکی شەرەفمەندانە و بەرگریی لە ئازادی تاک و دیموکراسی" سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وادەڵێت.

هێشتا لایەنەکان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر سیستمی هەڵبژاردن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن، بەوهۆیەشەوە چارەنووسی کۆمسیۆن یەکلایی نەکراوەتەوە تا سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکە بکات، کۆمسیۆن ١-٤ی وەک دوا مۆڵەت دیاریکردبوو بۆ یەكلاییكردنەوەی چارەنووسی تا بتوانن هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدەن كە ١ی١٠ی ئەمساڵە، تا ئێستاش پرسەكە بە نادیاری ماوەتەوە.