باوكی ئەو دكتۆرەی لە مەلەوانگەیەكی هەولێر خنكا: كەموكووڕیی زۆر هەبووە و دادگا گوێی لێ‌ نەگرتین

11-04-2022 03:37

پەرەگراف

دۆسیەی ئەو دكتۆرەی لە مەلەوانگەیەكی هەولێر خنكا، ڕەوانەی دادگای كەتن كرا. باوكی ئەو دكتۆرە ڕەخنە لە دادگا دەگرێت كە گوێی لێ‌ نەگرتوون و دەشڵێت "لە سەرەتاوە وردە دەستوەردان لە دۆسیەكەدا هەبوو، بەڵام ڕێگریمان لێ‌ كرد".

فەرهاد مەلا حەسەن، باوكی دكتۆر فرمێسك، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری پەرەگراف ئامادەبوو، وتی"چەند تێبینییەكمان لەسەر كەیسەكە هەیە، بە تایبەت تا ئێستا وەڵامی ئەو پرسیارەمان وەرنەگرتووەتەوە كە ئەم كچەی ئێمە چۆن خنكا؟ هەست دەكەین پەلەكردنێك هەیە لە دۆسیەكەدا".

فەرهاد مەلا حەسەن وتیشی "بەپێی ڕاپۆرتی پزیشكی دادوەری، فرمێسك هیچ حاڵەتێكی تەندروستیی خراپی نەبووە و بە جەڵتەیش گیانی لەدەست نەداوە، بۆیە دەبوایە لە قۆناغی لێكۆڵینەوە وردبوونەوەی زیاتر بكرایە".

لە ڕاپۆرتی پزیشكی دادوەریدا سەبارەت بە هۆكاری مردنی "تەنیا نووسراوە: هەردوو لای سییەكانی پڕ بوون لە ئاو و بووەتە هۆی مردنی".

"كەموكووڕیی زۆر لە مەلەوانگەكە هەبووە كە هەندێكیان بە ئەنقەست بووە، بەڵام دادگا گوێی لێ‌ نەگرتین"، باوكی دكتۆر فرمێسك وا دەڵێت.

دۆسیەی ئەو دكتۆرە ڕەوانەی دادگای كەتن كراوە و باوكی دەڵێت "لەوێش دەتوانین داواكارییەكانمان بخەینە ڕوو و داوای دەستگیركردنی ئەو كەسانە بكەین كە بە تۆمەتباریان دەزانین".

فرمێسك فەرهاد حەسەنی تەمەن 25 ساڵ، پزیشكی ددان بوو. ڕۆژی 7-9-2021 لە مەلەوانگەیەكی شاری هەولێردا خنكا.