عێراق ھۆشداریی بەو کۆمپانیایانە دەدات کە لە کەرتی نەوتی ھەرێم کار دەکەن

11-04-2022 03:55

پەرەگراف

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕێوشوێنی پێویستی گرتووەتەبەر بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ بەڕێوەنردنی کێڵگە نەوتییەکانیھەرێمی کوردستان بە ھەماھەنگیی لەگەڵ حکومەتی ھەرێم، لەو چوارچێوەیەدا كۆمپانیای سۆمۆى عێراقى تایبه‌ت بە بازاڕكردنی نەوت،هۆشداری دەدات بە كۆمپانیا نەوتییەکان.

سۆمۆ ئەمڕۆ بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی گوتووە، پێویستە کۆمپانیا نەوتییەکان "بەبێ ڕەزامه‌ندى حکومەتی ناوەندی هیچ هەنگاوێك نەنێن‌و مامەڵەبە نەوتی ھەرێمەوە نەکەن و پابەندبن بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیەوە".

کۆمپانیای سۆمۆ تەئکید لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەکاتەوەو دەڵێت "سەرجەم گرێبەستە نەوتییەکان کە لە هەرێمی کوردستاندائەنجامدراون بۆ دەرهێنان‌و فرۆشتنی نەوت نادەستورین. ڕێز لەبڕیاری دادگا دەگرین‌و پێویستە، کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوت هەستنبەڕادەستکردنی نەوت بە حکومەتی ناوەندیی، چونکە دەسەڵاتی دەرهێنانی نەوت‌و هاوشێوەکانی دەگەڕێتەوە بۆ حکومەتی ناوەندی".

بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی لە 15ی شوباتی 2022 دەرچوو، یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان ژمارە 22ی ساڵی 20047 بە نادەستوری دادەنێت و هەڵیدەوەشێنێتەوە، لەكاتێكدا تەواوی سیاسەتی نەوتی كوردستان لەسەر بنەمای ئەو یاسایە داڕێژراوە، كە پشت بەچەند ماددەیەكی دەستوری هەمیشەیی عێراق دەبەستێت.

بەشێكی دیكەی بڕیارەكە تایبەتە بە رادەستكردنی هەموو نەوتی بەرهەمهێنراو بە حكومەتی فیدراڵی، پێدانی دەسەڵات بە بەغدا بۆپێداچوونەوەو چاودێریی پوچەڵكردنەوەی گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكان بۆ دۆزینەوە و دەرهێنان و هەناردە و فرۆشتنینەوت، هەروەها دیاریكردنی بودجەی هەرێم کە گرەنتی گەیشتنی بكات لە بەغداوە.

دادگای فیدراڵی ئەو بڕیارەی پاڵپشت بە چەند ماددەیەكی دەستور دەركردووە، ئەوەش لەسەر دوو سكاڵا؛ یەكێكیان وەزیری پێشوتری نەوتیعێراق لە 2012 كردویەتی و ئەویتر ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە لە ساڵی 2019دا.

حکومەتی ھەرێم بڕیارەکەی دادگای ڕەتکردەوەو بە سیاسیی و زوڵم لە ھەرێمی کوردستان ناوی بردو تائێستا ئامادە نییە جێبەجێی بکات.