شەپۆلەکانى خۆڵبارین بەردەوام و زیاتر دەبن

11-04-2022 05:12

پەرەگراف

بەهۆی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و كەمبارانی، هەروەها زیادبوونی دیاردەی بوون بە بیابان، شەپۆلەكانی خۆڵبارین لە هەرێمی كوردستان بەردەوام و زیاتر دەبن.

ئاسۆ كەمال، بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەزانیی سلێمانی، لە گفتوگۆیەكی تایبەت لەگەڵ پەرەگراف وتی "ناوچە بیابانییەكانی باشووری ڕۆژئاوا و ڕۆژئاوای عێراق، بیابانەكانی دوورگەی عەرەبی و دەوروبەرمان سەرچاوەی خۆڵبارینن كە بەهۆی كاریگەریی باوە دروست دەبێت".

بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەزانیی سلێمانی ئاماژە بەوە دەكات كە "پەیوەندیی پێچەوانە لە نێوان بارانبارین و خۆڵباریندا هەیە، لە ساڵی 2019 كە باران زۆر لە هەرێم باریوە، تەنیا سێ‌ بۆ چوار جار خۆڵبارین هەبووە، بەڵام ئەمساڵ كە باران كەم بووە، تا ئێستا 15 بۆ 16 حاڵەتی خۆڵبارین تۆمار كراوە".

لەگەڵ زیانە زۆرەكانی، بەڵام خۆڵبارین سوودیشی هەیە. بەڕێوەبەری كەشناسیی سلێمانی دەڵێت "گەردی ئەم خۆڵبارینانە جاری وا هەیە نزیكەی سێ‌ كیلۆمەتر بەرز دەبنەوە، كە ئەمە دەورێكی باشی هەیە بۆ دروستبوونی هەورەكان".

"خۆڵبارین سوودی هەیە بۆ پیتاندنی ڕووەك. لە كاتی خۆڵبارینیش بڕێكی زۆر لە توخمی كانزاكانی ئاسن، مەگنسیۆم و مەنگەنیز دەگوازرێنەوە و وەكوو سەمادێكی كیمیایی لێ‌ دێت بۆ بەهێزبوونی زەوییەكان"، ئاسۆ كەمال وای وت.