پێنج زیندانیكراوی شێلادزێ لە مانگرتن بەردەوامن و وەسیەتنامەیان بە خێزانەكانیان داوە

11-04-2022 08:36

پەرەگراف

ئەیھان سەعید، ڕۆژنامەنووس و نوێنەری زیندانیانی بادینان، دەڵێت "پێنج چالاكی شیلادزێ‌ كە ماوەی ساڵێك و چوار مانگە دەستگیر كراون و تا ئێستا دادگایی نەكراون، هەندێكیان 36 ڕۆژ و هەندێكیان 19 ڕۆژە مانیان گرتووە و ڕەوشی تەندروستییان زۆر خراپە".

لە بەیاننامەیەكدا كە ئاراستەی ڕایگشتیی كردووە، ئەیھان سەعید ئاشكرای كردووە كە ئەمڕۆ لە ڕێگای كەسوكاریانەوە ھەواڵی تێكچوونی دۆخی تەندروستیی ئەو پێنج زیندانییەی بادینانیان پێ گەیشتووە.

ئەمڕۆ كەسوكاریان لە زیندانی ئاسایشی گشتیی هەولێر سەردانی زیندانكراوەكانیان كردووە. ئەیهان سەعید دەڵێت "لە كاتی مواجھەدا كۆڤان تارق ڕێكانی كە یەكێكە لە زیندانیكراوەكان، لە ھۆش خۆی چووە".

ئەو زیندانیكراوانە كە لە سەروبەندی ناڕەزایەتییەكانی دوو ساڵ لەمەوبەری شیلادزێ‌ دەستگیر كراون، داوای یەكلاییكردنەوەی چارەنووسیان دەكەن و "وەسیەتنامەی خۆشیان بە كەسوكاریان داوە و پێیان وتوون: ئەگەر كەیسەكەمان یەكلایی نەكرێتەوە، تا مردن لە مانگرتن بەردەوام دەبین".

"زیندانییەكان لە لایەن ھێزە ئەمنییەكانەوە زۆر بە توندی ئەشكەنجدراون، ڤیدیۆ كراون. ڕێگەیان پێ نادەن پارێزەری خۆیان ببینن. لە كاتی لێكۆڵینەوەدا گشت وتە و ئیفادەكانیان گۆڕدراون و پێیان ئیمزا كردوون كە نەیان زانیوە چی نووسراوە"، ئەیهان سەعید وا دەڵێت.

نوێنەری زیندانیكراوانی بادینان داوای بەدەمەوەچوونی بەپەلە لە ڕێكخراو و كونسوڵخانەی وڵاتان بۆ ئەم كەیسە دەكات كە بە قسەی ئەو "بێجگە لەم پێنج زیندانییە، دەیان كەسی دیكەش لەسەر بیروڕای جیاوازی سیاسی لە زیندانن و بەشێكیان سێ‌ تا پێنج ساڵە بێ دادگاییكردن لە ئاسایشی گشتیی هەولێرن".

ناو و ڕۆژی دەستگیركردنی چالاكوانەكانی شێلادزێ:

مەحموود ناجی سدیق - ٩/١٢/٢٠٢٠
كوڤان جوبرائیل - ٩/١٢/٢٠٢٠
یوسف شەریف ئیبراهیم - ٩/١٢/٢٠٢٠
ئەمجەد یوسف موستەفا - ١٤/١٢/٢٠٢٠
نێچیرڤان بەدیع حاجی - ١٤/١٢/٢٠٢٠