بۆ یەكەم جار لەدوای مووشەكبارانەكە، شاندێكی ئێران سەردانی هەولێری كرد

12-04-2022 02:33

پەرەگراف

بۆ یەكەم جار لەدوای مووشەكبارانەكەی مانگی ڕابردوو، شاندێكی ئێران سەردانی هەولێری كردووە و لەگەڵ مەسعود بارزانی كۆبووەتەوە. بارەگای بارزانی هیچی لەبارەی سەردان و كۆبوونەوەكە بڵاو نەكردووەتەوە، بەڵام ئێران ناوەرۆكەكەی ئاشكرا دەكات.

كونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر دەڵێت "ڕۆژی یەكشەممە 10-4-2022، شاندێكی ئێران بە سەرۆكایەتیی د. دانایی فەرد، باڵیۆزی پێشووی ئێران لە بەغداد، سەردانی هەولێری كرد و لە ماوەی دوو ڕۆژدا دیداری لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی و مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم ئەنجام دا".

بەپێی هەواڵی كونسوڵخانەی ئێران، لە كۆبوونەوەكاندا گفتوگۆ دەربارەی "پرسە پەیوەندیدار و ناوچەییەكان، گۆڕانكارییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان" كراوە

كونسوڵخانەكە دەڵێت "لەو دیدارانەدا هەردوو لا جەختیان لەسەر بەهێزكردن و فراوانكردنی پەیوەندییەكانی هەردوو لایەن لە هەموو بوارەكاندا كردووەتەوە".

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا میدیای پارتی و بارەگای بارزانی ئەو سەردانەیان بە نهێنی هێشتووەتەوە و هیچیان لەبارەوە بڵاو نەكردووەتەوە.

سەردانەكەی شاندی ئێران بۆ هەولێر، یەكەم سەردانی دوای مووشەكبارانكردنی هەولێرە لەلایەن ئێرانەوە لە شەوی 12-3-2022، كە تێیدا 12 مووشەك ئاراستەی دەوروبەری باڵیۆزخانەی نوێی ئەمریكا و ژەمارەك ناوچەی دیكە كران، بەڵام ڕاستەوخۆ ماڵی شێخ باز كەریم، بەڕێوەبەری كۆمپانیانی كار كرایە ئامانج.

ئێران بانگەشەى ئەوەى کرد کە کۆبوونەوەیەکى ئیسرائیلییەکانى لەو شوێنەدا کردووەتە ئامانج، لە وەڵامدا ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاند "شوێنی بە ئامانجکراو، شوێنێکی مەدەنی بووە و ئەم پاساوە، تەنیا بۆ شاردنەوەی ئەم تاوانە قێزەونەیە و پروپاگەندەی ئەنجامدەرانی هێرشەکەش دوورە لە ڕاستیەوە".

* حکومەتی هەرێم بۆ سوپای پاسداران: پاساوەکەتان دوورە لە ڕاستیی و بۆ شاردنەوەی تاوانەکەتانە

* شێخ باز: ماڵەكەم بێگانەی تێدا نەبووە و هیچ كات بۆ هیچ مەبەستێكی تر بەكار نەهاتووە