تۆمەتبارانی كوشتنی نەقیب محەمەد دەستگیر كران و دانیان بە تاوانەكەیاندا ناوە

12-04-2022 04:50

پەرەگراف

تۆمەتبارانی كوشتنی نەقیب محەمەد، ئەفسەرەكەی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، دەستگیر كران.

ئاسایشی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەاونیدا ڕایگەیاند، ڕۆژی 4-4-2021 توانیویانە دوان لە تۆمەتباران دەستگیر بكەین، دوای كۆكردنەوەی زانیارییش، لە ڕۆژی 12 مانگ تاوانباری سێیەمیش دەستگیرا كراوە.

ئاسایش ئامادە نەبوو شوێنی دەستگیركردن و وردەكاریی ئۆپەراسیۆنەكان ئاشكرا بكات، بەڵام دەڵێت "چووبوونە دەرەوە و هەر لە دەوروبەری هەرێمی كوردستان دەستگیر كراون".

تۆمەتباران لەبەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەدا "دانیان بە تاوانەكەیاندا ناوە و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراق لە زیندانی ئاسایشی سلێمانی ڕاگیراون".

پاش دەستگیركردنی تۆمەتبارەكان، ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، سەردانی خانەوادەی ئەو ئەفسەرەی كرد و وێنەیەكی خۆی لای دوو كچەكەی نەقیب محەمەد بڵاو كردووەتەوە و دەڵێت "یامور گیان، كە لەدایك بوویت، بەڵێنم پێ دای ئەو كاتە سەردانت‌ بكەم كە ھە‌واڵی دەستگیركردنی‌ بكوژەكانی‌ باوكت‌ بە خۆت ‌‌و یارانی‌ خوشكت بگەیەنم، وا دە‌ستگیر كران".

نەقیب محەمەد لەتیف و سێ هاوكاری لە شەوی 4ی كانونی یەكەمی 2021دا لە كاتی هەوڵدان بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبارێك، لە ناوچەی تانجەڕۆی سلێمانی تەقەیان لێكرا، نەقیب محەمەد گیانیلەدەستدا و سێ هاوكارەكەی بە سەختی برینداربوون.

* بكوژانی نەقیب محەمەد 90 رۆژە ئازادن؛ یامووریش لە چاوەڕێی بەڵێنەكاندا دەبێت