ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندیی دا لەسەر جێبەجێكردنی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ

12-04-2022 06:05

پەرەگراف

پاش نۆ ساڵ لە ڕاگرتنی و 77 جار ئاراستەكردنی نووسراو لەلایەن ئیدارەی قەزای چەمچەماڵەوە، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕەزامەندیی دا لەسەر خەرجكردنی بوودجەیەك بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ.

پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح دەڵێت "پارەی پرۆژەكە دەبێت لە داهاتی سلێمانی خەرج بكرێت، لە سلێمانییش دەڵێن: داهات نییە و بەشی تەواوكردنی مووچەش ناكات. هەرچی پرۆژەی ڕێگاوبان و پرد و خەدەماتە لە سلێمانی وەستاون، بۆیە پرۆژەکە جێبەجێ ناکرێت".

بە نووسراوێك كە واژووی ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی لەسەرە، داوا لە وەزارەتی دارایی كراوە بڕی ٧٠ ملیۆن و ٤٥ هەزار دۆلار لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە خەرج بكرێت.

ڕەمك ڕەمەزان، قائیمقامی چەمچەماڵ، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیران دوای ٧٧ نووسراو و دەیان سەردان و هەوڵەكانی ئیدارەی چەمچەماڵە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، كە توانرا ڕۆژی ٢٤/ ١/ ٢٠٢٢ پرۆژەكە بكرێتە یەكەم پرۆژەی ستراتیژی لە وەزارەتی پلاندانان".

وتیشی "ئەمە خەونێكی گەورەی دانیشوانی سنووری قەزای چەمچەماڵ و ناحیەكانی شۆڕش و تەكیە و ئاغجەلەر و ١٧ گوندە، كە گرفتێكی گەورەی كەمئاویمان هەبوو".

پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ لە ساڵی ٢٠١٣ـەوە بە پاساوی قەیرانی دارایی ڕاگیرا. بەرپرسانی ئیداریی قەزاكە داواكارن پەلە بكرێت لە جێبەجێكردنی پرۆژەكە، بۆ ئەوەی هاووڵاتیان لە كێشەی كەمئاوی ڕزگار بكرێن.

بە بۆچوونی پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح، چارەسەر بۆ جێبەجێكردنی ئەو پرۆژە، ئەوەیە كە "پێشتر كۆمپانیاكانی نەوت ١٣٠ ملیۆن دۆلاریان بۆ ئەم پرۆژە تەرخان كرد، پارەكە چووە بانكی كوردستانی ئەهلی و ون بووو، تەنیا ئەو پارە چارەسەرە".

قەزای چەمچەماڵ بۆ ئاوی خواردنەوە پشت بەهێڵی دووەمی ئاوی دووكان - سلێمانی دەبەستێت كە بڕێكی زۆر كەمە و لە وەرزی هاویندا كێشەی كەمئاوی سەر هەڵدەدات، بە جۆرێك لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا تەنها دوو كاتژمێر ئاو بەهاووڵاتیان دەدرێت.

قەزای چەمچەماڵ هەشت ناحیەی و ٤٢٠ گوندی لەسەرە، بە گەورەترین قەزای سنووری پارێزگای سلێمانی دەدانرێت و دانیشتوانەكەی كەسوكاری شەهید و ئەنفالن، لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە بە پایتەختی شەهیدان و ئەنفالكراوان ناسێنراوە.