تووشبوون بە كۆرۆنا لە هەرێم 100 كەسی تێپەڕاند؛ داوای درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتووچۆ دەكرێت

26-03-2020 12:04


پەرەگراف

بە تۆماركردنی سێ تووشبووی نوێ لە شاری هەولێر، ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان گەیشتە 103 كەس، تەندروستیی پێشنیاری بۆ حكومەت كردووە قەدەغەی هاتووچۆ بۆ ماوەی 15 ڕۆژی دیكە درێژ بكرێتەوە.

د. سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بۆ دەنگی ئەمریکا دەڵێت "پێشنیارمان بۆ حكومەت كردوە تا ڕۆژی 15-4 كەرەنتین و قەدەغەكردنی هاتوچۆ بەمشێوە چڕەی ئێستا بەردەوام بێت و ڕێگای هاتوچۆ بگیرێت".

لەبارەی پرسی دابەشكردنی مووچە لە كاتی قەدەغەی هاتووچۆ كە قسەی زۆری لەسەر دەكرێت، بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی دەڵێت "بۆ دابەشكردنی موچەش ئەگەر حكومەت مەبەستی بێت لە ڕوی هونەرییەوە ئەركێكی قورس نییە و ئەگەر حكومەت داوا لە ئێمە بكات ڕێوشوێنی تەندروستیان دەدەینێ چۆن مووچە دابەش بكەن".

هاوكات وەزارەتی تەندروستی هەرێم، ئاماری 48 كاتژمێری ڕابردووی ڕاگەیاند كە 929 پشكنین كراوە، 648 لە شاری هەولێر، 198 لە شاری سلێمانی، 83 لە شاری دهۆك.

دەرەنجامی ئەو پشكنینانە 18 تووشبووی نوێ تۆماركراون؛ لە پارێزگای هەولێر 11 نەخۆش پۆزەتیڤ بووەن 4 ئافرەت و 5 پیاو و 2 منداڵ، لە پارێزگای سلێمانی 7 پۆزەتیڤ، كە 3 ئافرەت و 2 پیاو و 2 منداڵ.

بەوەش كۆی گشتی هەڵگرانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لە هەرێمی كوردستان بۆ 103 تووشبوو بەرزبووەوە، لە ناویاندا 2 مردن هەیە و 27 نەخۆش بەتەواوی چاكبوونەتەوە، و ئەوانی تر هەموویان لەژێر چاودێری پزیشكی دان.

لە ئێستادا هەزارو 726 كەس لە هەرێم لە كەرەنتینەكان ماونەتەوە.