وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەربارەی ڕەوشی مافی مرۆڤ ڕەخنەی توند لە هەرێم دەگرێت

13-04-2022 11:58

پەرەگراف

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ڕاپۆرتی ساڵانەیدا سەبارەت بە ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ، ڕەخنەی توند لە شێوازی مامەڵەی حكومەت و هێزە ئەمنییەكانی هەرێم لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و چالاكان دەگرێت.

لە ڕاپۆرتەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو كە ڕۆژنامەنووس و چالاكان لە هەرێمی كوردستان، ڕووبەڕووی "هەڕەشە و تۆقاندن" دەبنەوە و حكومەت ڕێگریی دەكات لە "ڕووماڵی بابەتە هەستیارە سیاسییەكان، لەوانە دۆسیەی ئەمنی، گەندەڵی، شكستهێنانی حكومەت لە دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان".

لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە "هەردوو پارتە سیاسییە سەرەكییەكەی كورد، پارتی و یەكێتی، هەریەكەیان دەزگای ئەمنی و هەواڵگریی سەربەخۆ بەڕێوە دەبەن، بەجیا كۆنتڕۆڵی یەكە سەربازییە زیادەكانی پێشمەرگە و پۆلیس دەكەن".

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا تیشكی خستووەتە سەر "پشتگوێخستنی یاسا" لەلایەن پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانەوە و دەڵێت "میدیاكانی ناوخۆ و گرووپەكانی مافی مرۆڤ ڕایانگەیاندووە كە دەسەڵاتداران گومانلێكراوەكانیان دەستگیركردووە بە گومانی تێكدانی ئاسایش و بەبێ هیچ فەرمانی دەستگیركردن".

ڕاپۆرتەكە ئاماژەی بەوە كردووە، بە تایبەتی لەژێر یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، زۆر جار دەستگیركراوان بۆ ماوەی درێژ بەبێ تۆمەت ڕاگیراون، دواتر حكومەت ناوبەناو ئازادیان دەكات، بە تایبەت كە زۆربەی كات بەڵگەی پێویستی تاوانباربوونیان بۆ دادگاكان نییە.

سەبارەت بە ڕەوشی كاری ڕۆژنامەگەری، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا تیشكی خستووەتە سەر ئەوەی كە "هێزەكانی حكومەت جاروبار بە پاساوی ئەمنی ڕێگری لە كاری ڕۆژنامەنووسان دەكەن".

"نەبوونی ئازادی لە حاڵەتی توندووتیژی دژ بە ڕۆژنامەنووسان، نەبوونی دەستەی دادوەریی سەربەخۆ و ڕێكاریی ڕۆژنامەگەری، كاریگەریی ڕۆژنامەنووسانی كەم كردووەتەوە"، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا وا دەڵێت.

سەبارەت بە ڕەوشی زیندانەكانیش، لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە كە "لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستانی عێراق شەش بنكەی دەستبەسەركردنی تاوانباران هەیە، كە سێ بنكەیان بۆ زیندانییە پیاوەكان و سێیشیان بۆ ژنان و زیندانیانی پێش دادگاییكردنی هەرزەكاران". هەروەها ئاماژە بەە كراوە كە ژمارەی زیندانیان زۆر و زیندانەكان كەمن