لە ساڵیادی مەرگەساتی ئەنفالدا کەسوکاری ئەنفالکراوان وەزیری شەهیدانیان دەرکرد

14-04-2022 04:21
ساتی دەرکردنی وەزیری شەھیدان لەلایەن کەسوکاری ئەنفالکراوان.

پەرەگراف

کەسوکاری ئەنفالکراوان بە ناڕەزایی و توڕەییەکی زۆرەوە وەزیری شەهیدانیان دەرکرد لە مەراسیمی ساڵیادی ئەنفال و ڕێگەیان نەدا وتارپێشکەش بکات.

پەیامنێری پەرەگراف لە چەمچەماڵ وتی، مەراسیمی ٣٤هەمین ساڵیادی مەرگەساتی ئەنفال لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ کرایەوە، لەدەستپێکی وتاری عەبدوڵا حاجی مەحمود وەزیری شەهیدان، دەنگی ناڕەزایی بەرزبووەوەو کەسوکاری ئەنفالکراوێک هاواری کرد با وتار پێشکەش نەکات، پاشان ناڕەزایی باڵی بەسەر مەراسیمەکەدا کێشاو کەسوکاری ئەنفالکراوان بە کۆمەڵ چوونەبەردەم شوێنی وتاردانەکەو ڕێگەیان نەدا وەزیر وتارەکەی تەواو بکات.

دواتر بە هوتافکێشان وەزیریان لە شوێنەکە دوورخستەوەو ناڕەزاییەکانیان بردەسەر شەقامی سەرەکی سلێمانی-چەمچەماڵ و بۆماوەیەک شەقامەکەیان داخست و بەردبارانی ئۆتۆمبێلی ئەو بەرپرسانەیان کرد کە بۆ ساڵیادەکە چووبوونە چەمچەماڵ.

کەسوکاری ئەنفالکراوان نیگەرانیی و توڕەییان لە حکومەتی هەرێم بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە کەمتەرخەمە بەرامبەر دۆسیەی ئەنفال وخزمەتکردنیان.