تۆمەتباری دووەم لە دۆسیەی شنیار هونەر دەستگیر كرا

16-04-2022 05:05

پەرەگراف

لە دۆسیەی شنیار هونەر، ئەو ژنەی هاوسەرەكەی سووتاندی، تۆمەتباری دووەم كە ئافرەتێكە و "پەیوەندیی لەگەڵ مێردەكەی شنیار هەبووە"، دەستگیر كراوە.

سەرچاوەكی ئاگادار لە دۆسیەكە بۆ پەرگراف ئاشكرای كرد "ئەو تۆمەتبارە ئافرەتێكی بە ڕەگەز عەرەبە و لە یانەیەكی سەرچنار كار دەكات، ئەو كەسەیە كە لە كاتی سووتانی شنیار هونەردا وەكوو هۆكار و هاندەری هاوسەرەكەی شنیار لە ڕووداوەكەدا ناو دەبرا".

هونەر ڕەفیق، باوكی شنیار، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ پەرەگراف، زانیارییەكانی پشتڕاست كردەوە و وتی "لەسەر سكاڵای شنیار لە سەرەمەرگدا و سكاڵای خۆیشمان و خێزانی لایەنی تۆمەتباریش، ئەو ئافرەتە ماوەی 11 ڕۆژە دەستگیر كراوە".

باوكی شنیار وتیشی "ئێمە ئەو ئافرەتە تۆمەتبار دەكەین بەوەی كە هاندەر بووە بۆ سووتاندی كچەكەمان لەلایەن مێردەكەیەوە".

"ماڵی تاوانباریش دەڵێن: ئەم ئافرەتە سەری لە كوڕەكەی ئێمە شێواندووە كە ئەم كارە دڕندانە بكات، ئەگینا لە بنەماڵەی ئێمەدا شتی لەو شێوەیە نەبووە"، هونەر ڕەفیق بۆ پەرەگراف وای وت.

بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف، هاوسەرەكەی شنیار و ئافرەتە دەستگیركراوەكە، دانیان بە "پەیوەندیی نێوانیان"دا ناوە، بەڵام هاوسەرەكەی شنیار ڕەتی كردووەتەوە كە "ئەو ئافرەتە هانی دابێت بۆ ئەنجامدانی خودی تاوانەكە".

هێشتا دۆسیەی شنیار هونەر لە قۆناغی لێكۆڵینەوەدایە و دانیشتنی دادگا لەبارەیەوە بەڕێوە نەچووە. باوكی شنیار دەڵێت "هاوسەرە تاوانبارەكەی دانی بە تاوانەكەیدا ناوە و هەر ئەوە ماوە دادوەر بڕیاری خۆی لەبارەی سزاكەیەوە بدات".

شنیار هونەر، ژنێكی تەمەن ٢١ ساڵ بوو، شەوی 19 لەسەر 20ی مانگی شوباتی ئەمساڵ لەلایەن هاوسەرەكەیەوە نەوتی پێدا كرا و سووتێنرا. بەهۆی سەختیی برینەكەیەوە بیانی 23-2-2022 كۆچی دوایی كرد و لە زێدی خۆی لە قەزای سەیدسادق بە خاك سپێردرا.

ئاودێر عەلی، پارێزەری دۆسیەكەی شنیار، دەڵێت "تۆمەتبار كە هاوسەرەكەی شنیارە، دانی بە ئەنجامدانی تاوانەكەدا ناوە".

شنیار هونەری تەمەن 21 ساڵ، ماوەی پێنج ساڵ بوو هاوسەرگیریی كردبووە، خاوەنی دوو منداڵی تەمەن چوار ساڵ و دوو ساڵە.