كەسوكاری 24 كۆچبەری بێسەروشوێن چوار مانگە چاوەڕێی هەواڵێكن

17-04-2022 04:30

پەرەگراف

كەسوكاری ئەو كۆچبەرە كوردانەی كە یەختەكەیان نزیكەی چوار مانگ لەمەوبەر لە یۆنان نقوم بوو، گردبوونەوەی ناڕەزاییان ئەنجام دا و داوای یەكلاییكردنەوەی چارەنووسی ئەو كۆچبەرانە دەكەن.

٢٩ كۆچبەری كورد لەو یەختەدا بێسەروشوێن بوون كە ٢١-١٢-٢٠٢١ لە نزیك دورگەی سانتۆرینی یۆنان نقوم بوو، تا ئێستا تەرمی پێنجیان دۆزراونەتەوە و گەڕێندراونەتەوە بۆ ھەرێم، ٢٤كەی دیكە چارەنووسیان نادیارە و كەسوكاریان دەڵێن "ناتوانن بڵێن خنكاون، ڕەنگە مابن و دەستگیر كرابن".

كەسوكاری ئەو كۆچبەرانە ئەمڕۆ لەبەردەم فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ھەولێر گردبوونەوە و داوایان كرد حكومەت جددیتر بێت و سۆراغیان بكات، تا كەسوكاریان چیدی لە چاوەڕوانیدا نەمێننەوە.

ئەوەشیان خستەڕوو، سێ مانگ و نیوە لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان و فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە لەسەر خەتن تا ڤیزەی یۆنان بۆ سێ كەس لە كەسوكاری بێسەروشوێنبوان وەربگرن بۆ ئەوەی بەدوای چارەنووسیاندا بڕۆن، بەڵام تا ئێستا وەڵامیان نەداونەتەوە.

ئەو كۆچبەرانە كە بەهۆی تێكچوونی بزوێنەری یەختەكەیانەوە بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك لەناو دەریای ئیجەدا مانەوە. دواتر یەختەكە بە سەرجەم سەرشینەكانەوە ژێرئاو كەوت و تەنیا 13 كۆچبەر بەهۆی بەلەمێكی چوپەوە توانییان خۆیان ڕزگار بكەن، كە حەوتیان كورد بوون.

زۆرینەی ڕزگاربوانی یەختەكە دەڵێن، بە چاوی خۆیان دیویانەوە كە یەختەكە ژێر ئاو كەوتووە و هاوڕێكانیان لەناویدا بوون. ئەو ژمارە تەرمەیش كە دۆزراونەتەوە بەهۆی سەرئاوكەوتنی تەرمەكانەوە بووە پاش ماوەیەكی زۆر.