یەكێتی ئۆفەرێكی توركیا لەبارەی گازی سروشتیی چەمچەماڵ ڕەت دەكاتەوە

17-04-2022 08:13

پەرەگراف

توركیا لە ڕێی پارتییەوە ئۆفەرێكی بۆ یەكێتی ناردووە بە مەبەستی ڕێككەوتن لەسەر وەبەرھێنانی نوێ لە گازی سروشتیی كێڵگەكانی قەزای چەمچەماڵ و ھەناردەكردنی بۆ ئەو وڵاتە.

سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتی بە پەرەگرافی وت، "ئۆفەرەكەی توركیامان ڕەت كردووەتەوە و ئامادە نین لە ڕێی پارتییەوە ڕێككەوتن لەگەڵ ئەو وڵاتە بكەین".

سەرچاوەكە زانیاریی زیاتر و وردەكاریی ئۆفەرەكەی توركیای ئاشكرا نەكرد و وتی "ئێران و شیعەكانی عێراقیش ڕازی نین بەوەی توركیا وەبەرھێنان لە گازی سروشتیی ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی یەكێتیدا بكات، ئەوەش ھۆكارێكی دیكەیە بۆ ڕەتكردنەوەی ئۆفەرەكەی توركیا".

لە ماوەی ڕابردوودا بەرپرسانی هەرێم بە تایبەت سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت، بۆ گفتوگۆ دەربارەی هەناردەكردنی غازی هەرێم سەردانی توركیایان كرد و بە تایبەت لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا گفتوگۆیان لەوبارەیەوە كرد.
جووڵەكانی هەرێم حكومەتی فیدراڵی عێراقی نیگەران كرد، هاوكات ئێران نیگەرانە لەو هەوڵانە.

لە بەرانبەر هەوڵەكانی هەرێم بۆ هەناردەكردنی غاز، دادگای فیدراڵیی عێراق بە بڕیارێك كۆی پرۆسەی نەوت و غازی هەرێمی بە نادەستووری لە قەڵەم دا و گرێبەستە نەوتییەكان و یاسای نەو و غازی هەرێمیشی ڕەت كردەوە.

لە ئێستادا حكومەتی هەرێم لە ڕێگەی گفتوگۆوە دەیەوێت كێشەكان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات. بەغدا سێ‌ بڕیاری بۆ چارەسەر دەركردووە، بەڵام هەرێم بەشێكیان ڕەت دەكاتەوە، بە تایبەت بڕیاری دروستكردنی كۆمپانیایە پەیسوەت بە نەوتی هەرێم كە بارەگاكەی لە هەولێر بێت و سەر بە حكومەتی فیدراڵی بێت.

عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی لیژنەی وزە و سەرچاوە سروشتییەكان لە پەررلەمانی كوردستان، دەڵێت "یەدەگی غازی هەرێم پێنج پۆینت حەوت ترلیۆن مەتر سێجایە، واتە 200 ترلیۆن پێ‌ سێجا كە دەكاتە لەسەدا سێی غازی جیهان. حەوت حەقلی سەرەكیی غازیش لە هەرێم هەن كە شەشیان دەكەونە گەرمیان چەمچەماڵەوە و نزیكەی لەسەدا 85ی غازی هەرێمیان تێدایە".

سەرۆكی لیژنەی وزە دەشڵێت "حكومەتی هەرێم ڕێككەوتنی لەگەڵ توركیا كردووە بۆ هەناردەكردنی غاز. لە 2013 دەستیان بە ڕاكێشانی بۆریی غاز كرد بەشێكی تەواو كراوە، ویستیان تا 2016 تەواوی بكەن، بەڵام نەكرا".