شەڕی سەختی توركیا و پەكەكە بەردەوامە؛ گەریلا تێكشكاندنی "شەپۆلی یەكەمی هێرشەكان"ی ڕاگەیاند

18-04-2022 05:46

پەرەگراف

سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی نوێی بۆ سەر گەریلاكانی پەكەكە دەست پێ‌ كرد. شەڕی سەخت بەڕێوە دەچێت و هەپەگە تێكشكاندنی "شەپۆلی یەكەمی هێرشەكان"ی ڕاگەیاند. توركیا دەڵێت "ئۆپەراسیۆنەكە بە هەماهەنگی لەگەڵ دۆست و هاوپەیمانەكانمان بەڕێوە دەچێت". پەكەكەیش دەڵێت "كۆپتەرەكان لە باشووری كوردستانەوە دەفڕن و پارتی ڕێگەی لەبەردەم داگیركاریی توركیا كردووەتەوە".

هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) كە باڵی سەربازیی پەكەكەیە، دەڵێت "لە چوار ڕۆژی ڕابردوودا گۆڕەپانەكانمان 147 جار بە فڕۆكەی جەنگی و لە زەمینیشەوە چەندین جار بە كاتیوشا بۆردوومان كراون. تا ئێستا 28 داگیركەر سزادراون، نۆ داگیركەر بریندار بوون و دوو هەلیكۆپتەری شەڕكەریش لێیان دراوە".

ئۆپەراسیۆنەكەی سوپای توركیا ئێوارەی ڕابردوو لەژێر ناوی قوفڵ-چنگ بە چڕی بۆ سەر گەریلاكانی پەكە لە مەتینا، زاپ و ئاڤاشین بە بۆردوومانی زەمینی و ئاسمانی دەستی پێ‌ كرد.

وەزارەتی بەرگریی توركیا ڕایگەیاندووە كە ئۆپەراسیۆنەكە بە هاوكاریی "دۆست و هاوپەیمانەكان"یان بەڕێوە دەچێت و "١٩" گەریلا شەهید بوون. خڵوسی ئاكار، وەزیری بەرگریی توركیا دەڵێت "لەئێستادا تەواوی ئامانجە بەرنامە بۆداندراوەكان دەستگیربوون".

خڵوسی ئاكار ئاماژە بەوەش دەكات كە "ئۆپەراسیۆنی قوفڵ-چنگ دەمێكە ئامادەكاری بۆ كراوە و بەشێوەیەكی هەماهەنگ لە ئێوارەی دوێنێوە دەستی پێ كردووە".

لە بەرانبەردا پەكەكە ئەو بانگەشانەی وەزارەتی بەرگریی توركیا ڕەت دەكاتەوە و باس لە سەركەوتنی گەورەی گەریلاكانی لە شەڕەكەدا دەكات.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، پارتی دیموكرات تۆمەتبار دەكات بەوەی كە "ڕێگە لەبەردەم پیلانگێڕی و داگیركاریی" توركیا كردووەتەوە و دەڵێت "كۆپتەرەكان لەناو سنورەكانی باشوری كوردستانەوە دەفڕن و هەوڵ دەدەن كۆڕەژارۆ لە پشت هەرێمی زاپەوە داگیر بكەن".

"ئەگەر پەدەكە دەستوور و پشتیوانیی ئەو هەوڵە داگیركەرییەی نەدابا، ئەرتەشی تورك نەیدەتوانی لە پشتەوە لە گەریلا بدات. لە هەمان كاتدا هێزەكانی دەوڵەتی توركی داگیركەر لەبارەگای سیرێ، كە لەژێر كۆنترۆڵی پەدەكەدایە، لە ناوچەی شیلادزێ هەڵفڕیوون و هەوڵ دەدەن لە هەرێمی كۆرەژارۆ بەجێ ببن"، هەپەگە وا دەڵێت.

ڕۆژی ٢٦ی ئازار، كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە)، لە ڕاگەیەندراوێكدا پارتیی تۆمەتبار كرد بەوەی كە لەگەڵ سوپای توركیا "پیلانیان داڕشتووە كە لە ١٥ی نیسانەوە هێرشێكی نوێ بۆسەر گەریلا دەستپێدەكەن".

هەمان ڕۆژ 15-4-2022، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە توركیا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا كۆبووەوە. لە كۆبوونەوەكە هاكان فیدان، سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی توركیا (میت) ئامادە بوو.

بەپێی ڕاگەیەندراوی هەپەگە، توركیا لە كاتژمێر 7ی ئێوارەی دوێنێ ١٧ی نیسان، هێرشێكی داگیركاریی بۆ سەر ناوچەكانی ئاڤاشین و زاپ دەستی پێ‌ كردووە.

"هەشت جار بە كۆپتەرەكانیان خۆیان لە ناوچەی وەرخەلی ئاڤاشین دابەزاند. هاوكات كۆپتەرە هێرشبەرەكان ئەو ناوچەیەیان بە چڕی بۆردوومان كرد. هێزەكانمان بە چەكی قورس دەستوەردانیان لەو هەوڵەی داگیركەراندا كرد و گورزیان لێدان. داگیركەران بە كۆپتەرەوە جارێكی تر خۆیان لە گوندی وەرخەل دابەزاندەوە و و كوژراو و بریندارەكانیان بردەوە"، هەپەگە وا دەڵێت.

بەدرێژایی شەوی ڕابردوو و ئەمڕۆیش، سوپای توركیا هەوڵی داوە هێزەكانی لە گوند و گردی وەرخەل داببەزێنێت و خۆی جێگیر بكات، پەڵام هەپەگە دەڵێت كە هەموو هەوڵەكانی شكست پێ‌ هێناوە و "ناچار بە پاشەكشێ"یان كردوون.

سەبارەت بە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر "هەرێمی زاپ"، یەكینەكانی پاراستنی گەل دەڵێت "ئەرتەشی توركی داگیركەر لە ١٤ی نیسان تا ١٧ی نسان بە فڕۆكەی شەڕكەر و لە ڕێگەی تۆپخانەوە، تۆپبارانێكی قورسی هەرێمەكانی كوڕەژارۆ، ئەشكەوتی برینداران، ئەرتووش، شەهید شیلان، كاركەر و چیای ڕەش"ی كردووە.

هەپەگە دەڵێت "كۆپتەرە شەڕكەرەكانی ئەرتەشی توركی داگیركەر و كۆپتەری سكۆرسكی لە ناوچەی سلۆپی شرنەخ لە ئاسمانەوە لەسەر هەرێمەكانی بامەرنێ، ئامێدی و دێرەلووك كە لەژێر كۆنترۆڵی پەدەكەدان، سوڕانەوە و هێرشیان كردە سەر هەرێمی كوڕەژارۆ، داگیركەران توانییان بۆ جارێك هێزەكانیان لە گردی شەهید ئامارگی دابەزێنن، بەڵام هێزەكانی یەژئا ـ ستار، داگیركەرانیان خستە ژێر كۆنترۆڵی خۆیانەوە و بەچەكی سووك لێیان دان".