لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان ھۆشداریی دەدەنە پارتی و یەكێتی لە پەكخستنی پەرلەمان و دواخستنی ھەڵبژاردن

18-04-2022 06:53

پەرەگراف

فراكسیۆنە ئۆپۆزسیۆنەكان ھۆشداریی دەدەنە پارتی و یەكێتی لە پەكخستنی پەرلەمان و دواخستنی ھەڵبژاردن، بۆ ئەو مەبەستە چەند ڕۆژێك مۆڵەت دەدەن و پاشان ڕێكاری دیكە دەگرنەبەر.

فراكسیۆنەكانی نەوەی نوێ، یەكگرتوو، كۆمەڵی دادگەری و حیزبی شیوعی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی ھاوبەشدا داوایان كرد پەرلەمان بە زوویی كارا بكرێتەوە و یاسای ھەڵبژاردن و كۆمسیۆن یەكلایی بكرێنەوە.

كاوە عەبدولقادر، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ، ڕایگەیاند "پارتی و یەكێتی بەمەبەست پەرلەمانیان پەكخستووە، چونكە لە ھەڵبژاردن دەترسن و نایانەوێت لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، لەبەرئەوەی ھەڵبژاردنی ڕابردوو متمانەی خەڵكیان لەدەست دا و نزیكەی ٧٠٠ هەزار دەنگ كەمیان كردووە، دەترسن لەم ھەڵبژاردنەدا دەسەڵاتیش لەدەست بدەن".

سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ وتیشی "ئەگەر تا چەند ڕۆژی داھاتوو پەرلەمان كۆنەبێتەوە و كێشەكانی خەڵك نەخاتە بەرنامەوە و یاسای ھەڵبژاردن و كۆمسیۆن چارەسەر نەكات، پەنا بۆ فشاری مەدەنی و خۆپیشاندان و مانگرتن دەبەن".

هەڵوێستی هاوبەشی فراكسیۆنە ئۆپۆزیسیۆنەكان لە كاتێكدایە كە یەكێتی و چوار فراكسیۆنی گەورەی دیكەی پەرلەمانی كوردستان سوورن لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و جێگیركردنی سیستەمی فرەبازنەیی هاوشێوەی عێراق. ئامادە نین بچنە ژێر "فشار"ی پارتی بۆ دەستهەڵگرتن لەو هەوڵە.

پێشتر سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتی بە پەرەگرافی وت، لێكتێگەیشتنیان لەگەڵ نەوەی نوێ، گۆڕان، یەكگرتوو و كۆمەڵ ھەیە كە بەبێ ھەمواری یاساكە ئامادەی ھەڵبژاردن نین و ناچنە ژێرباری ھیچ فشارێكی پارتی و دەبێت ئەو پڕۆژەی ھەموارەی پێشكەش كراوە بخرێتە بەرنامەی كاری پەرلەمانەوە.

بەپێی ئەو پرۆژەی ھەموارە، هەرێمی كوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردن بەپێی پارێزگاكان دابەش دەكرێت، دابەشكردنی كورسییەكانی پەرلەمانیش بەسەر بازنەكاندا بەگوێرەی ژمارەی دانیشتوانی هەر پارێزگایەك دەبێت.

بەشێك لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی گۆڕان و سەربەخۆكانیش پاڵپشتیی هەوڵەكانی هەمواری یاسی هەڵبژاردن و چەسپاندنی سیستەمی فرەبازنەیی دەكەن.

پێشووتریش لە ڕۆژی 5-4-2022، فراكسیۆنی پارتی ڕایگەیاند "ئەگەر سەرۆكی پەرلەمان دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان ڕانەگەیەنێت و هێزێكی سیاسی بیەوێت دانیشتنەكان پەك بخات"، زۆرینەی پەرلەمانیی پارتی بەكار دەهێنن و "سەپاندنی ئیرادە لە هیچ كەس و لایەنێكی سیاسی قبووڵكراو نابێت". سەرۆكی فراكسیۆنە دەشڵێت "ئەمە هۆشدارییە نەك داواكاری".

* ھۆشدارییەک لە پارتییەوە بۆ ڕێواز فایەق: زۆرینە بەکار دەھێنین

* پێنج فراکسیۆنی گەورەی پەرلەمان لە بەرەیەکدان و ناچنە ژێرباری فشارەکانی پارتی

* هەمواری یاسای هەڵبژاردن پێشكەش بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرا

* پەرلەمانتارێكی یەكێتی: هەڵبژاردن بەبێ هەمواركردنەوەی یاساكەی ئەنجام نادرێت

* ئەو وادەیە کۆتایی دێت کە کۆمسیۆن داینابوو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ١-١٠