لە شنگال شەڕی نێوان سوپای عێراق و هێزەكانی نزیك لە پەكەكە بەردەوامە

19-04-2022 12:59

پەرەگراف

هاوكات لەگەڵ ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا بۆ سەر پەكەكە، سوپای عێراق دەستی بە هێرش بۆ سەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی نزیك لە پەكەكە لە شنگال كردووەو شەڕ لە نێوان سوپاو یەكینەكانی پاراستنی شنگال بەردەوامە.

میدیاكانی پەكەكە بڵاویان كردەوە كە "كاتژمێر دووی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، سوپای عێراق هێرشی كردە سەر بازگەی جداد-ی ئاسایشی ئێزیدخان و هێزەكانی ئاسایشیش وەڵامی هێرشەكەیان دایەوە شەڕ دروست بووە".

هاوكات سوپای عێراق لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە هێزێكی زۆری ناردووەتە گەلی شیلۆ و سكنێ كە دەكەونە سنووری هێزەكانی یەكینەكانی پاراستنی شنگال (یەبەشە) و یەكینەكانی ژنانی شنگال (یەژەشە)، كە دوو هێزی سەربازیی نزیكن لە پەكەكە و بۆ پاراستنی شنگال پێكهێنراون.

میدیای پەكەكە دەڵێت "سوپای عێراق هێرشی كردووەتە سەر خاڵە سەربازییەكانی یەبەشە و یەژەشە، بەو هۆیەشەوە شەڕێكی سەخت دروست بووە و بەردەوامە".

هەروەها ئاماژە بەوە كراوە كە "عێراق هێزێكی گەورەی بەرەو سنووری شەنگال و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەبەشە و یەژەشە بەڕێ كردووە، باس لەوە دەكرێت كە عێراق هاوكاتی هێرشی توركیا بۆ سەر پەكەكە، ئامادەكاریی بۆ ئەنجامدانی هێرشێكی بەرفراوان بۆ سەر شەنگال دەكات".

دوێنێ لە كۆمەڵگەی دیگۆری شنگال، شەڕ لە نێوان سوپای عێراق و ئاسایشی ئێزیدخان دروست بوو. میدیای پەكەكە دەڵێت "سوپای عێراق داوای چۆڵكردنی سەربازگەكە و ڕادەستكردنی كردووە، بەڵام ئاسایشی ئێزیدخان ڕەتی كردووەتەوە". دواتر بازگەكە لەلایەن سوپای عێراقەوە كۆنترۆڵ كرا

شەوی ڕابردووش سوپای عێراق بارەگاكانی ئاسایشی ئێزدیخانی لە سنونێ و كۆمەڵگەی خانەسوور گەمارۆ داوە و داوای ڕادەستكردنی كردوون، بەڵام ئاسایشی ئێزدیخان ڕەتی كردووەتەوە.

هێرشەكەی سوپای عێراق بۆ سەر هێزەكانی نزیك لە پەكەكە لە شنگال، هاوكاتە لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی نوێی توركیا بۆ سەر پەكەكە لە مەتینا، زاپ و ئاڤاشین