عێراق ئیدانەی ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا لەناو خاكی هەرێم دەكات؛ بەرپرسانی هەرێم خۆیان بێدەنگن

19-04-2022 01:33

پەرەگراف

سەرۆكایەتیی كۆمار و وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئیدانەی ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا بۆ سەر پەكەكە دەكەن و دەڵێن "قبووڵكراون نییە"، بەڵام سەرۆكایەتییەكانی هەرێم تا ئێستا بێدەنگن. لەسەر ئاستی هێزە سیاسییەكانیش سەدر هەڵوێستی توندی نواند، بەڵام بارزانی هێشتا هەڵوێستی دەرنەبڕیوە.

پاش 24 كاتژمێر لە دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا، شەوی ڕابردوو وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەڵوێستی وڵاتەكەی ڕاگەیان و وتی "ئۆپەراسیۆنی سەربازیی توركیا لە مەتینا، زاپ و ئاڤاشین بە تەواوی ڕەت دەكەینەوە و بە توندی ئیدانەی دەكەین".

هاوكات وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق وتی "نابێت خاكی عێراق بنكەیەك بێت بۆ زیانگەیاندن بە هیچ كام لە وڵاتانی دراوسێ و عێراق ڕەتی دەكاتەوە خاكەكەی بكرێتە مەیدانی ململانێ و یەكلاییكردنەوەی كێشەی لایەنە دەرەكییەكان".

ئەمڕۆیش سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا "نیگەرانیی قووڵ"ی لە ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا ڕاگەیاند و دەڵێت "دووبارەبوونەوەی بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عێراق جێی قبووڵ نییە".

وتەبێژی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق ڕایگەیاند "ئەم پڕۆسە ئەمنییە تاكلایەنە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بابەتێكە قبووڵ ناكرێت و پێویستە ڕێز لە سەروەریی عێراق بگیرێت".

لەسەر ئاستی سەركردە سیاسی و كەسی یەكەمی لایەنەكان، هەریەك لە موقتەا سەدر، حەیدەر عەبادی و عەممار حەكیم هڵوێستی توند و ڕوونیان ڕاگەیاندووە، پێچەوانەی سەركردە و بەرپرسانی هەرێم كە بێدەنگن.

موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، لە تویتێكدا وتی "بۆردوومانی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق بێ پاساوە و لە دووبارەبوونەوەی بێدەنگ نابین".

ڕێبەری ڕەوتی سەدر ئاماژەی بەوەش كرد كە "هەر هەڕەشەیەك لە خاكی عێراقەوە بۆ سەر توركیا هەبێت، دەبێت بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عێراق كۆتایی پێ بهێنرێت".

هەروەها حەیدەر عەبادی، سەرۆكی هاوپەیمانیی نەسر، پێشێلكردنی بەردەوامی سەروەریی خاكی عێراقی لەلایەن توركیاوە بە مەترسییدار ناوبرد و دەڵێت "ئەو هێرشانە پەیوەندییە دوولایەنەكان بەرەو نادیار دەبات".

"ئامۆژگاریی توركیا دەكەین چاو بە سیاسەتەكانی لە بەرامبەر عێراق و مافی دراوسێكانی بخشێنێتەوە"، عەبادی وا دەڵێت.

عەمار حەكیم، سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی نیشتمانیش، دژی ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا وەستایەوە و دڵێت ”بۆردوومان و هێرشە ئاسمانییەكانی سوپای توركیا لە كوردستانی عێراق، قبووڵ ناكرێت”. داوای كرد ڕێز لە سەروەریی خاكی عێراق بگیرێت.