یەكێتی بۆ دەرچوون لە تەنگەژە سیاسییەكانی عێراق داوای سازش لە هەموان دەكات

19-04-2022 05:06
كۆبوونەوەی لووتكەی چوارچێوەی ھەماھەنگی و ھاوپەیمانی عەزم و یەكێتی

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی ڕایدەگەیەنێت: دۆزینەوەی دەرچەیەك بۆ تەنگەژە سیاسییەكانی عێراق، پێویستی بە سازشی ھەموو لایەنەكان ھەیە.

بافڵ تاڵەبانی كە شەوی ڕابردوو بەشداریی كۆبوونەوەی لووتكەی چوارچێوەی ھەماھەنگی و ھاوپەیمانی عەزم و یەكێتیی كرد، دەڵێت كە هەرسێ‌ لایەنەكە جەختیان كردووەتەوە لەسەر پەلەكردن بۆ داڕشتنی ھێڵە گشتییەكانی نەخشەڕێگایەك كە ببێتە ھۆی كرانەوەی پرۆسەی سیاسی بەرەو ھەنگاوی كرداریی پێكھێنانی حكومەت.

هەروەها ئەو سێ‌ لایەنە دەیانەوێت بەر لە كۆتاییهتانی دەرفەتی بەردەمیان، دانوستان لەگەڵ لایەنەكانی بۆ پێكهێنانی حكومەت دەست پێ‌ بكەن، لەو ڕووشەوە لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا جەختیان لە پەلەكردن لە دەسپێكردنی گفتوگۆكان كردووەتەوە.

ئەو ماوەیەیەی كە سەدر بۆ چوارچێوەی هەماهەنگیی دیاری كردووە تا لەگەڵ لایەنەكان لەسەر پێكهێنانی حكومەت ڕێك بكەوێت، نیوەی تەواو بووە و هێشتا هیچ بەرەوپێشچوونێك لەئارادا نییە.

شەوی ٣١-٣-٢٠٢٢، موقتەدا سەرد، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، لە پەیامێكی توونددا ڕێككەوتن لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكانی ڕەت كردەوە و وتی "هیچ خێرێك لە حكومەتی تەوافوقی و پشكپشكێنەدا نییە. كێكەكەتان لەگەڵدا بەش ناكەم و ئەم چەقبەستووییە باشترە لە ڕێككەوتن لەگەڵ ئێوەدا".

پەیامەكەی سەدر دوای ئەوە هات كە هەمان ڕۆژ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی جارێكی دیكە بە بایكۆتكردنیان شكستیان بە كۆبوونەوەی پەرلەمان هێنا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار.

دواتریش لە كاردانەوەدا هەردوو هاوپەیمانەكەی سەدر جەختیان لە پابەندییان بە هاوپەیمانی لەگەڵ كوتلەی سەدری كردەوە و ڕایانگەیاند "بەبێ ئەوان حكومەتێكی بەهێز پێك نایەت".

پارتی و هاوپەیمانیی سەروەری لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا، بۆ پێكهێنانی حكومەت جەختیان لە "گفتوگۆی نیشتمانیی بنیاتنەرانە"ی لایەنە عێراقییەكان "دوور لە دەستوەردانی دەرەكی" و "لێكتێگەیشتن لە نێوماڵی شیعە" كردەوە.

هەروەها سووربوونی خۆیان لەسەر "پشتگیری و ڕێككەوتنی هەموو لایەنەكان لەسەر كاندیدەكەی ڕەوتی سەدر بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران" دووپات كردەوە.

شەوى ١-٤-٢٠٢٢یش سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە نووسینگەی نووری مالیكی لە بەغدا كۆبوونەوە و وەڵامی دەستپێشخەرییەكەی موقتەدا سەدریان دایەوە كە داوای لێ‌ كردبوون "حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی بەبێ‌ كوتلەی سەدری" پێك بهێنن.

لە ڕاگەیەندراوێكدا چوارچێوەكە جەختی كردەوە لەوەی كە پەیوەستن بە دەستوور و پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی لە نێوان ئەوان و سەدرییەكان و هاوپەیمانەكانیان، پاشان ڕێككەوتن بكرێت لەسەر كاندیدی سەرۆكوەزیران بەپێی چەند مەرج و پێوەرێك.