مەسرور بارزانی پەیامی هەرێمی بۆ خواست لەسەر هەناردەكردنی غاز گەیاندە بەریتانیا

20-04-2022 11:53

پەرەگراف

مەسرور بارزانی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا، باسی لە خواستی هەرێم بۆ هەناردەی وزە كردووە و ڕۆیتەرز دەڵێت "گفتوگۆ دەربارەی هەناردەكردنی غاز و نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەورووپا كراوە، وەكوو شوێنگرەوەیەكی ڕووسیا".

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ئاشكرای كرد، سەردانەكەی مەسرور بارزانی بۆ بەریتانیا، بۆ گفتوگۆكردن بووە لەبارەی هەناردەكردنی وزە، لە كاتێكدا ئەورووپا لە هەوڵی كەمكردنەوەی پشتبەستن بە نەوت و غازی ڕووسیایە.

حكومەتی بەریتانیایش لە ڕاگەیەندراوێكدا پشتڕاستی كردووەتەوە كە هەردوولا لەبارەی هەناردەكردنی وزە بۆ ئەورووپا قسەیان كردووە. سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا باسی لە هەوڵەكانیان بۆ كەمكردنەوەی پشتبەستن بە وزەی ڕووسیا كردووە.

هەروەها جۆنسن خۆشحاڵیی خۆی سەبارەت بە هەوڵەكانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم دەربڕیوە لە هاوكاربوون بۆ كەمكردنەوەی پابەندیی ئەورووپا بە نەوت و غازی سرووشتیی ڕووسیا.
بەڵام حكومەتی هەرێم لە هیچكام لە ڕاگەیەندراوەكانی خۆیدا سەبارەت بە زنجیرە كۆبوونەوەكانی دوێنێی مەسرور بازانی لە لەندەن، باسی لەوە نەكردووە كە گفتوگۆی دەربارەی هەناردەی غاز كردبێت.

بەیانیی دوێنێ‌ سێشەممە 19-4-2022، بۆریس جۆنسن، سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا، لە ئۆفیسی ژمارە ١٠ی سەرۆكایەتیی وەزیران لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم كۆبووەوە.

هەر دوێنێ‌ سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەگەڵ وەزیرانی وزە، دەرەوە، پەروەردە و دەوڵەتی بەریتانیا كۆبووەوە.

هەریەك لە سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم و ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوەی هەرێم لە پشكی گۆڕان، ئەندامی شاندەكەی هەرێم بوون بۆ بەریتانیا.

لە ماوەی ڕابردوویشدا بەرپرسانی هەرێم چەند جارێك سەردانی توركیایان كردووە بۆ گفتوگۆ دەربارەی هەناردەكردنی غاز لە ڕێگەی ئەو وڵاتەوە بۆ وڵاتانی ئەورووپا.

هەوڵەكانی مەسرور بارزانی بۆ هەناردەكردنی غازی هەرێم، لە كاتێكدایە بەغدا دەیەوێت مەلەفی نەوت و غازی هەرێم بە جۆرێك لە جۆرەكان بخاتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی، بۆ ئەوەش پشت بە بڕیارێكی دادگای فیدراڵی دەبەستێت.

لە ئێستادا حكومەتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لە گفتوگۆدایە بۆ چارەسەری كێشەكان. بەغدا پێشنیاری دامەزراندنی كۆمپانیایەكی تایبەت بە نەوتی هەرێم كردووە كە سەر بە حكومەتی ناوەند بێت و بارەگاكەی لە هەولێر بێت، بەڵام هەرێم ڕەتی كردووەتەوە.

د. بێوار خنسی، ڕاوێژكاری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، دەڵێت “ئەگەر هاوكاریی ئێمە بكەن، هەم بەغداد و هەم كۆمپانیای بیانی، دەتوانین پێكەوە بەرهەمی غاز زیاد بكەین، ئەوەی پێمان بكرێت بۆ ناوخۆ بەكاری بهێنین، بە هاوكاری عێراقیش ئەوەی زیاد بێت دەتوانیین بینێرینە دەرەوە بۆ ئەورووپا".

ئەو ڕاوێژكارەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەڵێت "توركیا باشترین و كورترین ڕێگایە بۆ هەناردەكردنی غاز".

"تەئكیدمان كردووەتەوە كە‌ ئێمە هەماهەنگی لەگەڵ بەغداد دەكەین، دواتر ئەو غازە سروشتییە دەنێرین، بێ ئەوان ناكرێت"، د. بێوار خنسی.

* یەكێتی ئۆفەرێكی توركیا لەبارەی گازی سروشتیی چەمچەماڵ ڕەت دەكاتەوە

*حكومەتی ھەرێم: ئەگەر گازی سروشتی ھەناردە بكرێت، وەكوو نەوتەكە لە ڕێگەی توركیاوە دەبێت

* بەغدا بە سێ‌ خاڵ چارەسەری مەلەفی نەوتی هەرێم دەخاتە ڕوو و دەڵێت: ئەمە تاكە ڕیگەیە