حكومەتی ھەرێم ناچار دەكرێت نزیكەی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار قەرزی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم بداتەوە

20-04-2022 09:08

پەرەگراف

دادگای كوەیت بڕیارێكی لە دژی حكومەتی ھەرێم دەركرد و ناچاری دەكات بە دانەوەی نزیكەی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لەبری ئەوەی بووە بە كەفیلی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم لە وەرگرتنی قەرزێكدا.

كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم ١٥ ساڵ لەمەوپێش بۆ فراوانكردنی كارەكانی، قەرزی لە كۆمپانیایەكی كوەیتی بە ناوی كازار كردووە، كە ئەویش سەر بە كۆمپانیایەكی گەورەترە بە ناوی ئەجیلیتی، حكومەتی ھەرێم بووە بە كەفیلی كۆڕەك و ئەو كۆمپانیایش تا ئێستا قەرزەكەی نەداوەتەوە، بۆیە دەبێت حكومەتی ھەرێم قەرز و سوودی قەرزەكەش بداتەوە.

بڕیارەكەی دادگای كوەیت پلەی كۆتایی وەرگرتووە و حكومەتی هەرێم ناتوانێت تانەیشی لێ بدات.

ئەو قەرزەی كۆمپانیا كوەیتییەكە بە كۆڕەكی داوە، ٢٥٠ ملیۆن دۆلار بووە و ھەر ساڵێك لەسەدا ٧ سووی چووەتە سەر و گەیشتووەتە ٤٩٠ ملیۆن و ٨٠ ھەزار دۆلار.

نیزاڵ حەمیدان، پارێزەری كۆپانیای ئەجیلیتی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر دەقی بڕیارەكەی دادگای بڵاو كردووەتەوە و "سوپاسی خودا"ی كردووە كە دۆسیەكە لە بەرژەوەندیی كۆمپانیاكەی و لە دژی حكومەتی هەرێم یەكلایی بووەتەوە.