وەزیری پەروەردە ڕێزلێنان دەبەخشێتە جەلالی سام ئاغا

30-04-2019 01:00
وەزیری پەروەردە ڕێزلێنان دەبەخشێتە جەلالی سام ئاغا/ 30-4-2019


پەرەگراف

وەزیری پەروەردە سەردانی جەلالی سام ئاغای كردو ڕێزلێنانی وەزارەتەكەیی پێبەخشی لەپای هەوڵەكانی ئەو كەسایەتییە بۆ خزمەتی كەرتی پەروەردەو دروستكردنی بینای قوتابخانە.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم لە شاری سلێمانی بە یاوەریی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە، سەردانی ماڵی جەلالی سام ئاغا كەسایەتیی دیاری كردو ڕێزلێنانی پێبەخشی‌و بەناوی وەزارەتەكەیەوە سوپاسی كرد كە هاوكاریی كردوون لە پێناو پێشخستنی كەرتی پەروەردە.

سەردانی وەزیری پەروەردە بۆ ماڵی جەلالی سام ئاغا/ 30-4-2019

لە ڕێزلێنانەكەی وەزارەتی پەروەردە بۆ جەلالی سام ئاغا، نووسراوە "پڕۆسەی پەروەردە پێویستی بە كەسانی دڵسۆزو خەمخۆری وەك ئێوە هەیە تا هەماهەنگ لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەشداربن لە بنیاتنانی نەوەكانی نیشتیمان".

جەلالی سام ئاغا ساڵی ڕابردوو قوتابخانەیەكی خێرخوازیی دروست كردو ڕادەستی پەروەردەی كرد وەك هاوكاریكردنی كەرتی خوێندن، قوتابخانەی زەكیەی سام ئاغای بنەڕەتی لە گەڕەكی ئیبراهیم ئەحمەد لە سلێمانی، لەسەر ئەركی جەلالی سام ئاغا دروستكراوەو 12 پۆل لە خۆدەگرێت‌.

مەراسیمی كردنەوەی قوتابخانەی زەكیەی سام ئاغا/ 6-11-2018

قوتابخانەی زەكیە سام ئاغا یەكەم كاری خێرخوازیی بنەماڵەی جەلالی سام ئاغا نییە، بەڵكو خوشكێكی دیكەی جەلالی سام ئاغا بەناوی ئەختەر، بەهەمانشێوە شوقەی نیشتەجێبوونی خۆی پێشكەش بە پەروەردەی سلێمانی كردووە.

ڕێزلێنانەكەی وەزارەتی پەروەردە بۆ جەلالی سام ئاغا.

هەروەها جەلالی سام ئاغا ئەو خانووەی ئێستا تێیدا دەژی لە گردی سەرچناری سلێمانی كردوویەتی بەناوی وەزارەتی تەندروستییەوە، بۆئەوەی دوای كۆچی دوایی خۆی بكرێت بە نەخۆشخانەی گشتی‌و پێشكەشی كەرتی تەندروستی كردووە.

جەلالی سام ئاغا سەرۆكی پێشووی دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی، كەسایەتییەكی دیاری سلێمانییەو لەسەردەمی سەرۆكایەتی ئەودا دیوانی چاودێری دارایی 2 هەزارو 720 ڕاپۆرتی لەسەر دامودەزگاكانی حكومەت‌و هەبوونی گەندەڵیی ئامادەكردووە، بەدەر لەو ڕاپۆرتانە، هەرلەو سەردەمەدا دیوان 86 كەسی لەسەر گەندەڵی‌و سەرپێچی یاسایی‌و ئیداریی داوە بە دادگا كە زۆربەیان بەرپرسانی باڵای حكومەت بوون.

ساڵی 2010 كاتێك جەلالی سام ئاغا سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی بوو، پڕۆژەی بەخشینی خەڵاتێكی ساڵانەی دامەزراند بۆ خانمی سەلارو فەرمانبەری نمونەیی دیوان، بەمەبەستی دابینكردنی پارە بۆ بەخشینی خەڵاتەكە، جەلالی سام ئاغا پارچە زەوییەكی 200 مەتریی موڵكی خۆی فرۆشتووە بە زیاتر لە 70 ملیۆن دینارو پارەكەی لە بانك داناوە بە چەند مەرجێك كە تەنها بۆ بەخشینی ئەو خەڵاتە بەكاربهێندرێت‌و خاوەندارێتی ئەو حسابە بەناوی دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی تۆماركراوە‌و ساڵانە قازانجی بانكیی پارەكە بۆ خەڵاتەكە دابین دەكرێت.

جەلالی سام ئاغا كاتێك سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی بوو پێشتریش كە بریكاری وەزارەتی دارایی بووە، لە هەردوو پۆستەكەدا سەرجەم ئیمتیازاتەكانی ڕەتكردووەتەوە، هەرلە وەرگرتنی ئۆتۆمبێل‌و پاسەوان، هەروەها بۆ كەمكردنەوەی خەرجیی حكومەت داوایكردووە موچەی سەرۆك وەزیران‌و وەزیرەكان كەمبكرێنەوەو بۆئەوەش یەكەم كەس لە خۆیەوە دەستیپێكردووە.

كاتێك خانەنشین بووە بە پلەی وەزیر، بۆی هەبووە وەك هەر وەزیرێكی دیكە پاسەوانی هەبێت‌و ئۆتۆمبێلێكی حكومیی وەربگرێت، بەڵام جەلالی سام ئاغا ئیمتیازاتەكانی خانەنشین بوونیشی ڕەتكردووەتەوە.