هۆشدارییەكی توند لە پەكەكەوە بۆ پارتی: هەموو شتێك سنووری هەیە

21-04-2022 04:29

پەرەگراف

موراد قەرەیلان لەبارەی "پشتگیریكردن"ی توركیاوە، هۆشداریی توند دەداتە پارتی و ڕایدەگەیەنێت "هەموو شتێك سنوورێكی هەیە". قەرەیلان باس لە نامەیەك دەكات كە بۆ مەسعود بارزانیی ناردووە و دەشڵێت "دۆخی پارتی لە ئێستادا وەك ئەو مرۆڤەیە كە لەسەر دارێكە و خەریكە ئەو لقە دەبڕێتەوە كە خۆی لەسەریەتی".

موراد قەرەیلان، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی گەل (نەپەگە)، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی فورات، هەڵسەنگاندن بۆ ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا لە زاپ، مەتینا و ئاڤاشین و ڕۆڵی پارتی لە كێشەی پەكەكە و توركیا دەكات.

موراد قەرەیلان مەترسیی خۆی لە هەڵگیرسانی شەڕی كورد و كورد ناشارێتەوە و دەڵێت "ڕاستە تا ئێستا پەدەكە لە دژی گەریلا شەڕی نەكردووە، بەڵام لە دوێنێوە هێزەكانیان كۆدەكەنەوە و لە دێرلوك و شیلادزێ هێزەكانیان پڕ چەك و تۆكمە دەكەن، ئێمە نازانین ئەمە دەگاتە كوێ، بەڵام ئەمە دۆخێكی مەترسیدارە".

قەرەیلان نموونەی ئاڵۆزییەكانی ساڵی ڕابردووی لەگەڵ پارتی هێناوەتەوە و دەڵێت "ساڵی پار ٥ی حوزەیران هێزێكی زۆر گەورەیان بە نیازی شەڕ ناردە سەر چیای مەتینا و شەڕیان دروست كرد، بەڵام ئێمە هێزەكانمان كشاندەوە بۆ ئەوەی شەڕ لە نێوان كورد و كورد دروست نەبێت".

ئەو سەركردەی پەكەكە، سەرهەڵدانی شەڕی پەكەكە و پارتی بە پرۆژەی توركیا ناو دەبات و دەڵێت "هیچ خێرێك لەم شەڕەدا نییە".

"ئامانجی دەوڵەتی تورك ئەوەیە كە ئەم شەڕە ڕوو بدات، بۆ ئەوەی كورد لە دژی یەكتر بەشەڕدا بدەن، ئێمە نامانەوێت شتی وا ڕوو بدات، بەڵام هەموو شتێك سنوورێكی هەیە، بۆ ئەمەش دەبێت گەلەكەمان و نیشتمانپەروەرانی كورد و سیاسەتمەدارانی كورد و هونەرمەندانی كورد بەرپرسیارێتی خۆیان بگرنە ئەستۆ لەبەرامبەر ئەم دۆخە، ئێمە هێزێكی فیدایین و لە كەس ناترسین، بەڵام ئێمە نامانەوێت ئەم شەڕە دروست بێت"، موراد قەرەیلان وا دەڵێت.

موراد قەرەیلان باس لەوە دەكات كە پاش "بەرخۆدانیی گەورەی گەریلا لە ئاڤاشین و وەشاندنی گورزی كوشندە لە دەوڵەتی تورك"، نامەیەكی سەبارەت بە بارگرژییەكانی نێوان پەكەكە لەگەڵ پارتی بۆ مەسعود بارزانی ناردووە.

قەرەیلان لەبارەی ناوەرۆكی نامەكەوە وردەكاریی ئاشكرا نەكردووە و تەنیا دەڵێت "بەڕاستی پێم وابوو كاك مەسعود بڕیارەكەی دەگۆڕێت و لەو سۆنگەیەوە نامەیەكم بۆی نارد، سوپاسی دەكەم كە وەڵامی نامەكەی دامەوە، بەڵام هیچ زەمینەیەك بۆ چارەسەری لە وەڵامەكەیدا نەبوو".

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی ئێستای پارتی و توركیا، ئەو سەركردەی پەكەكە دەڵێت "بە ئاشكرا دەیبینین كە پەیوەندییەكانی پەدەكە و توركیا هەنگاوێك چووەتە پێشەوە. سوپای تورك نەیتوانی سەربازەكانی لە ئاسمانەوە دابەزێنێت، هێزەكانیان لە بارەگای سیرێ لە شیلادزێوە نارد، هەروەها جموجووڵی سەربازییان بە هێزەكانیان كرد لە بامەڕنێ، ئەمە بەڵگەی بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەكانیانە. ئێمە نازانین كە بەرژەوەندیی ئەوان چییە لەم كارە؟ بەڵام دەزانین مەترسی لەسەر ئایندەی كورد زیاتر دەكات".

موراد قەرەیلان پێی وایە لە دیدی توركیاوە پەكەكە مەترسیدارترینە، بۆیە "دەیانەوێت سەرەتا پەكەكە لەناو ببەن دواتر نۆرە دەگاتە هەموو كەسێكی تر. ئەوان لە دژی قەوارەی هەرێمی كوردستانن، دوو مانگ لەمەوبەر خلوسی ئاكار ڕایگەیاند: نە لە توركیا و نە لە دەرەوەی توركیاش شوێنێك نییە بە ناوی كوردستان".

"ئێمە كاتێك قسە دەكەین، بوختان بۆ پەدەكە ناكەین، ڕەنگە بەرپرسانی پەدەكە خۆیان ئەوە نەڵێن، بەڵام ئەوەی ئێمە دەربارەی ئەوان وتوومانە ڕاستییە. لە دوای هەموو كۆبوونەوەكانی بەرپرسانی پەدەكە و دەوڵەتی تورك، سەرانی تورك خۆیان ئاشكرایان كردووە كە تێڕوانینیان لەبارەی پەكەكەوە وەك یەكە و هاوبەشی یەكترن، هەروەها ئەردۆغانیش خۆی چەندین جار ئەمەی وتووە، كۆتاجاریش بینیمان دوای كۆبوونەوەی سەرانی پەدەكە و توركیا، لە ئاسمان و زەمینەوە هێرش بۆ سەر گەریلا دەستیپێكرد، ئەمە شتێكی ئاشكرایە"، قەرەیلان وا دەڵێت.