ئەمریکا: ھەناردەکردنی گازی سروشتی بۆ ئابوریی ھەرێمی کوردستان گرنگەو عێراق شەریکێکی ستراتیژییە

22-04-2022 06:09
جێنیفەر گەڤیتۆ، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران

پەرەگراف

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کەرتی نەوت و گازی ھەرێم و ھەناردەکردنی بۆ بازاڕی جیھانیی، بە گرنگ بۆ حکومەتی ھەرێم و ئابوری کوردستان لە قەڵەم دەدات و عێراق بە شەریکێکی ستراتیژیی ناودەبات لەو دۆسیەیەدا، ھەربۆیە داوای گفتوگۆی نێوان ھەرێم و بەغداد دەکات بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوانیان.

جێنیفەر گەڤیتۆ جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە تەلەفۆن، کە پەرەگراف ئامادەی بوو، لەسەر چەند پرسێکی جیاواز و ڕۆڵ و ھەڵوێستی ئەمریکا وەڵامی ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.

لە وەڵامی ڕۆڵی ئەمریکا لەبارەی ھەناردەی گازی ھەرێمی کوردستان بۆ بازاڕی نێودەوڵەتی؟، گەڤیتۆ باسی لەوەکرد سەردانی ھەولێری کردووەو لەگەڵ مەسعود بارزانی و بەرپرسانی دیکە کۆبووەتەوە، وتی "باسی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و ئەمریکامان کرد کە پەیوەندییەکی بەھێزەو تەئکیدمان لە پابەندبوون بە گەشەپێدانی کوردەکان کردەوە لە چوارچێوەی عێراقێکی سەربەخۆو پێشکەوتوودا، گفتوگۆکانمان ئەرێنیی بوون و ناتوانم باسی وردەکارییەکان بکەم، باسمان لە چەند مەترسییەک کرد لەسەر پێکھێنانی حکومەتی عێراق وپێویستیی یەکڕیزیی کورد بۆ پاراستنی کیانی کورد لە چوارچێوەی عێراقدا".

"باسمان لە دۆسیەی نەوت و گاز کرد بە ئەرێنیی، لەگەڵ تایبەتمەندیی ئەو دۆسیەیە، بەڵام ئێمە تێدەگەین کە کەرتی نەوت و گاز بۆ حکومەتی ھەرێم و ئابوریی کوردەکان و ناوچەکە گرنگە، ھەروەھا بۆ بەدیھێنانی عێراقێکی گەشەسەندوو و یەکگرتوو و پێشکەوتوو، عێراقیش شەریکێکی ستراتیژییە لەمڕووەوە بۆیە پێویستە حکومەتی عێراق و ھەرێم گفتوگۆ بکەن بۆ چارەسەری کێشەی نەوت و گازی نێوانیان" جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران وای وت.

ھەناردەکردنی گازی سروشتی ھەرێمی کوردستان بووەتە بابەتێکی گەرم لە دوای ئەوەی لە ٢٨-٣-٢٠٢٢ مەسرور بارزانی لە میانی پێشکەشکردنی وتارێک لە کۆربەندی جیهانیی وزە لە ئیمارات، وتی "ئێمە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبین بە هەناردەکاری گاز بۆ بەشەکانی دیکەی عێراق، تورکیا و ئەوروپا و پێداویستی ئاسایشی وزەی ئەوان دابین دەکەین".

مەسرور بارزانی وتیشی "ئەگەر هاوبەشەکانمان لە بەغدا هاوکارمان بن، توانای ئەوەمان هەیە بەشێک لە پێداویستی وزەی ئەوروپا دابین بکەین".

لەسەروبەندی هەوڵەكانی هەرێم بۆ هەناردەكردنی گاز، دادگای فیدراڵیی عێراق بە بڕیارێك كۆی پڕۆسەی نەوت و گازی هەرێمی بەنادەستووریی لە قەڵەم دا و گرێبەستە نەوتییەكان و یاسای نەوت و گازی هەرێمیشی ڕەت كردەوەو داوا دەکات بخرێتە ژێردەستی حکومەتی فیدراڵ.

گەڤیتۆ لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا تەئکیدی لە گرنگیی و پابەندبوون بە پاراستنی ئازادی ڕۆژنامەوانی لە عێراق و کوردستان کردەوە، داوایشی کرد لایەنە عێراقییەکان بەخێرایی بگەنە ڕێککەوتن بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێ.

لەبارەی دەستوەردانی ئێران لە عێراق، جێنیفەر گەڤیتۆ وتی "چاودێریی دەستتێوەردانی ئێران لە عێراق دەکەین بەتایبەت ئەگەر ببێتە ھەڕەشەیەک بۆسەر سەروەریی عێراق، سەرۆک بایدن زۆر ڕوونە لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو میلیشیایانەی لە دەرەوەی سنوری عێراق فەرمان وەردەگرن، تێدەگەین ئێران پشتیوانی کۆمەڵێک گروپی چەکدار دەکات کە ھەڕەشەن بۆ ئاسایشی ناوچەکەو ھەڕەشە لە ھێزەکانی ئەمریکاو ھاوپەیمانان دەکەن".