شەپۆلێكی بارانبارین هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و هەفتەیەك بەردەوام بێت

23-04-2022 03:30

پەرەگراف

شەپۆلێكی بارانبارین هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و پێشبینی دەكرێت بۆ ماوەی یەك هەفتە بە شێوەی بارانی پچڕپچڕ بەردەوام بێت.

ئاسۆ كەمال، بەڕێوەبەری كەشناسیی سلێمانی، بە پەرەگرافی وت "شەپۆلەكە كاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆیەكی دەریای سوورە و ڕوو دەكاتە هەرێمی كوردستان، درەنگانی سبەی شەو و ڕۆژی دووشەممە كاریگەرییەكەی دەردەكەوێت".

وتیشی "شەپۆلەكە تا كۆتایی مانگ بە شێوەی بارانی ناوبەناو بەردەوام دەبێت".

بەهۆی كەمبارانییەوە، لە ناوچەی گەرمیان بە فەرمی وشكەساڵیی ڕاگەیەندراوە، بەڕێوەبەری كەشناسی سلێمانی دەڵێت "ئەم شەپۆلی بارانە گەرمیانیش دەگرێتەوە، بەڵام بە ڕادەی پێویست كاریگەریی نابێت، لەبەر ئەوەی لە كاتی پێویستدا باران نەباریوە".

وەرزی بارانبارین لە هەرێمی كوردستان مانگی 10 بۆ مانگی پێنجە، ئەمساڵ تەنها لە مانگی یەكدا بارانی پێویست باریوە و مانگەكانی دیكە كەمبارانی بووە.
هەر ئەمڕۆیش پارێزگاری هەولێر وشكەساڵیی لە پارێزگاكە ڕاگەیاند و وتی "ساڵێكی سەخت دەبێت، بەڵام ئامادەكاریمان بۆ كردووە".

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "ڕەزامەندی وەرگیراوە بۆ خەرجكردنی زیاتر لە حەوت ملیار دینار بۆ لێدانی بیر، گوژمەیەكی پێنج ملیار دیناریش بۆ چاككردنی گرفتی تەكنیكی و كارەبای بیرەكان هەیە كە هێشتا ڕەزامەندیی وەرنەگیراوە".

لە پارێزگای هەولێر ژوورێكی ئۆپەراسیۆن لە پارێزگا و قائیمقامیەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بە ئاو پێكهێنراوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی.