توركیا بە نامەیەكی مۆبایل عێراقی لە ئۆپەراسیۆنەكەی دژی پەكەكە ئاگادار كردووەتەوە

23-04-2022 05:43

پەرەگراف

وەزیری دەرەوەی توركیا نامەیەك بۆ هاوتا عێراقییەكەی دەنێرێت و ئاگاداری دەكاتەوە كە وڵاتەكەی ئۆپەراسیۆنێكی نوێ لە خاكی عێراق دژی پەكەكە دەست پێ دەكات.

بەرپرسێكی باڵای عێراق بە پەرەگرافی وت "مەولود چاوشئۆغڵوو بە مۆبایل نامەكەی بۆ فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ناردووە و ئەویش ڕاستەوخۆ مستەفا كازمیی ئاگادار كردووەتەوە".

ئەو بەرپرسە باڵایەی عێراق وتیشی، وەڵامی نامەكەی توركیا نەدراوەتەوە و چەند كاتژمێرێك دوای ناردنی نامەكە، هێزی ئاسمانی و زەمینیی ئەو وڵاتە ئۆپەراسیۆنەكەیان دەست پێ كردووە و سەروەریی عێراقیان پێشێل كردووە.

لە ئێوارەی 17ی ئەم مانگەوە توركیا ئۆپەراسیۆنێكی نوێی لەژێر ناوی چنگ-قوفڵ بۆ سەر پەكەكە لە مەتینا، زاپ و ئاڤاشین دەست پێ‌ كردووە و شەڕی سەخت بەڕێوە دەچێت.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سێ ڕۆژ دوای ئۆپەراسیۆنەکە ڕایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی عێراقو حکومەتی ھەرێم کە ئەو بە باکوری عێراق ناوی دەبات، لە نزیکەوە ھەماھەنگییان ھەیە بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنەی لەدژی پەکەکە دەستیانپێکردووە.

ئەردۆغان لە وتارێکدا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی وتی "سوپاسی حکومەتی عێراق و حکومەتی ھەرێم دەکەین کە پشتگیریمان دەکەن بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆر(پەکەکە)".

دواتر عێراق وەڵامی ئەردۆغانی دایەوەو ڕەتی کردەوە ھەماھەنگییان ھەبێت، وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش باڵیۆزی تورکیای بانگھێشتکرد و یاداشتی ناڕەزایی پێدا.

هەپەگە دەڵێت "وەڵامی توند"ی هێرشەكانی داوەتەوە و لە سەرجەم بەرەكانی شەڕ سوپای توركیای "تێكشكاندووە". توركیاش باس لە بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەكە و "پێشڕەوی" دەكات.

بەپێی ئاماری هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) كە باڵی سەربازیی پەكەكەیە، نزیكەی 250 سەربازی توركیا لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا كوژراون و ژمارەیەكی زۆریش بریندار بوون. ژمارەی شەهیدانی پەكەكەیش ناگەنە 10 كەس.

بەڵام بەپێی ئامارەكانی توركیا، نزیكەی 50 گەریلای پەكەكە كوژراون و ژمارەی سەربازە كوژراوەكانی سوپاكەیشی ناگەنە 10 سەرباز.

هەپەگە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا خستنە خوارەوەی ژمارەیەك فڕۆكەی سیخوڕی و پێكرانی چەندین هێلیكۆپتەریشی ڕاگەیاندووە. توركیاش باس لە "خاپووركردنی چەندین بنكە و حەشارگە"ی گەریلاكانی پەكەكە دەكات.