خولی پێنجەمی دانوستانەكانی سعودیە و ئێران لە بەغدا "ئەرێنی" بووە

23-04-2022 08:32

پەرەگراف

سعودیە و ئێران گەڕێكی دیكەی دانوستانیان لە بەغداد ئەنجام دا و ئێران دەڵێت "كۆبوونەوەكە ئەرێنی بووە و بەردەوام دەبێت".

ئاژانسی هەواڵی نوورنیوزی نزیك لە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، دەڵێت "بەرپرسانی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی سعودیە، نوێنەرایەتیی وڵاتەكانیان لە كۆبوونەوەكەدا كردووە".

ئەوە پێنجەمین گەڕی دانوستانی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە دوای ئەوەی لە ٢٠١٦وە پەیوەندییەكانیان گرژیی تێكەوت و پچڕا، ئێران رۆڵی عێراق و عومان لە دانووستانەكانیان لەگەڵ سعودیە بەرز دەنرخێنێت.

ئاژانسەكە ئاماژەی بەوەش كردووە كە "بە لەبەرچاوگرتنی كەشی ئەرێنیی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنەكان، پێشبینی دەكرێت لە ئایندەیەكی نزیكدا زەمینەی بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی نێوان وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات فەراهەم ببێت".

سعوودیە دووی كانوونی دووەمی ٢٠١٦ بە تۆمەتی "تیرۆر"، ٤٧ كەسی لەسێدارە دا كە نیمر ئەلنیمر، زانای ئایینی شیعەمەزهەبیان لەنێودا بوو.

دوای ئەوەی بەرپرسانی ئێران بەدوای یەكدا كاردانەوەیان بەرامبەر سعوودیە دەربڕی، دواتر ئاگر بەردرایە باڵیۆزخانەی سعوودیە لە تاران و كۆنسوڵخانەی سعوودیە لە مەشهەد.

دوای ئەم ڕووداوانە بەهۆی جەنگی ناوخۆیی یەمەنەوە كە لە ئاداری ٢٠١٥ دەستی پێ كرد، پەیوەندییە دیپلۆماتییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە كە هەر خۆی گرژیی تێكەوتبوو، بە تەواوی پچڕان.

دوای تێپەڕینی پێنج ساڵ، لە نیسانی ٢٠٢١دا بەرپرسانی ئێران و سعوودیە بە مەبەستی دانیشتنی ڕاستەوخۆ لە بەغدا كۆبوونەوە، دواتر دانیشتنەكانی نێوانیان بە نێوەندگیریی عێراق بەردەوام بوو.

حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێكیدا لە ٢٣ی كانوونی یەكەمی ٢٠٢١دا ئەوەی ئاشكرا كرد كە كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ بەرپرسانی سعوودیە لە بەغدای پایتەختی عێراق بە باشترین شێوە بەڕێوە دەچن.

شازادە محەمەد بن سەلمان، جێنشینی سعوودیە، لەمیانی گفتوگۆیەكدا لەگەڵ گۆڤاری ئەمریكی Amerikan The Atlantic لە سێی ئاداردا ڕایگەیاند "ئێران وڵاتێكی هاوسێی ئێمەیە و هەر بە هاوسێیەكی هەمیشەیی ئێمەش دەمێنێتەوە. هیچ لایەكمان ناتوانین نكووڵی لەوە بەكەین، بۆیە دەبێ كێشەكان چارەسەر بكەین".