سلێمانی؛ كارمەندانی خۆبەخشی تەندروستی داوای دامەزراندنی دادپەروەرانە دەكەن

24-04-2022 12:48

پەرەگراف

كارمەندانی خۆبەخشی تەندروستی و دەرچووانی دانەمەزراوی ئەو كەرتە لە شاری سلێمانی گردبوونەوەیان دژی نادادپەروەی لە دامەزراندندا ئەنجام دا و دەڵێن "لە هەولێر و دهۆك دامەزراندن بە نهێنی دەكرێت و وەزارەتی تەندروستی سلێمانیی بێبەش كردووە".

ئەو كارمەندانە كە ژمارەیان هەزاران كەسە و چەند ساڵە بەشێكی زۆریان لە كەرتی تەندروستیدا خۆبەخشانە كار دەكەن، دەڵێن "پێویستە ئاوڕمان لێ‌ بدرێتەوە و بە شێوەیەكی دادپەروەرانە دامەزراندنمان بۆ بكرێت، بە پێچەوانەوە هەڵوێستی دیكەمان دەبێت لەناویشیاندا بایكۆت".

سەندیكای كارمەندانی تەندروستی پاڵپشتیی بۆ داواكاریی كارمەندانی خۆبەخش ڕاگەیاند و دەڵێت "ڕۆژی چوارشەممە بینیمان بە نووسراوی نهێنی كۆمەڵێك كارمەند و چین و توێژەكانی ناو تەندروستی لە هەندێك شار و شارۆچكە دامەزراون و سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕینی لێ‌ بێبەش كراوە".

هاوژین عوسمان، سەندیكای كارمەندانی تەندروستی لە سلێمانی، ئاماژە بەوە دەكات كە "ئەمە یەكەم جار نییە ئەم حاڵەتە ڕوو دەدات، ساڵی 2016یش 830 كارمەند لە دهۆك و ساڵی 2018یش ژمارەیەكی دیكە دامەزراون".

"لە هەولێرەوە بە نووسراوی نهێنی كوڕەشەهیدی لایەنێك لەناو نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی دامەزراوە، بەڵام دەیان كوڕ و كچی شەهید لەناو ئەم خۆبەخش و دانەمەزراوانەدا هەن، بێناز كەوتوون و بە بەرچاویانەوە زوڵمیان لێ‌ دەكرێت"، سەرۆكی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی لەناو گردبوونەوەدا وای وت.

هاوژین عوسمان وتیشی "12 هەزار دەرچووی دانەمەزراوی تەندروستی لەم سنوورە هەن، نیوەی كاری نەخۆشخانەكان لە سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەرین لەلایەن كارمەندانی خۆبەخشی تەندروستییەوە بەڕێوە دەبرێت و لەسەدا 50ی میلاك كەمە".