ھاوپەیمانی لەپێناو خەڵک: یان پەرلەمان کۆببێتەوە یان ھەڵبوەشێتەوەو ھەڵبژاردنێکی نوێ بکرێت

24-04-2022 04:10

پەرەگراف

ھاوپەیمانیی لەپێناو خەڵ کە جوڵانەوەی نەوەی نوێ و بزووتنەوەی ئیمتیدادن، بۆ دەرچوون لەو چەقبەستنەی عێراقی تێکەوتووە دەستپێشخەرییەکیان ڕاگەیاند و داوای کۆبوونەوەی پەرلەمان لە ٧-٥دا دەکەن بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ داوایەکی فەرمیی پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەن و  واژۆی بۆ کۆدەکەنەوە.

ڕێبوار ئەوڕەحمان پەرلەمانتاری نەوەی نوێ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دەستپێشخەرییەکەی خوێندەوەو وتی "داوایەکی یاسایی پێشەکەش بە دادگای فیدراڵی دەکەین دژی ئەو پەرلەمانتارانەی کە دەبنە ھۆکاری پەکخستنی کاری پەرلەمانیی، بەوپێیەی ئەو کارەیان لادانەلە سوێندی دەستوری و پێویستە ھەموو شایستەکانیان ڕابگیرێت تا ئەوکاتەی بە ئەرکەکانیان ھەڵدەستن، چونکە ڕێکنەکەوتنی لایەنەسیاسییەکان لەسەر سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران نابێت ببێتەھۆی پەکخستنی پەرلەمان".

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی "لە حاڵەتی ڕەتکردنەوەی داواکاریی بۆ ئەم دانیشتنە یاخود شکستھێنان لە گرێدانیدا، ئەوا ھاوپەیمانیی لەپێناو خەڵک ڕێگەی یاسایی و دەستوری بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەم پەرلەمانە دەگرێتەبەرو داوای ھەڵبژاردنێکی نوێی پەرلەمانیی دەکات".

ھاوپەیمانییەکە داوا دەکات کۆبوونەوەکەی پەرلەمان بۆ تەواوکردنی پێکھێنانی لیژنەکانی پەرلەمان و ھەنگاونان بەرەو پەسەندکردنی بودجەبێت، تاوەکو لیژنەکان بتوانن چاودێریی کارەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر بکەن کە شەش مانگە بەبێ چاودێریی پەرلەمان کار دەکات.