فوئاد حسێن: عێراق ناتوانێت ڕێ لە ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا بگرێ و ناشچێتە شەڕەوە لە دژی پەکەکە

24-04-2022 07:10

پەرەگراف

وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، ناتوانن ڕێ لە ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا لە خاکی عێراق بگرن و شەڕ لە دژی پەکەکەش ناکەن چوونە ناو شەڕلە بەرژەوەندیی عێراق نییە.

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق وەزیری دەرەوەی میوانداریی کرد لەبارەی پێشێلکردنی سەروەریی عێراق لەلایەن ئێران و تورکیا، بەشداربوویەکی کۆبوونەوەکە بە پەرەگرافی وت "فوئاد حسێن بە ڕوونی وتی عێراق ناتوانێت ڕێگە لە لەشکرکێشیی تورکیا بگرێ و توانای ئەوەی نییە بەرپەرچی ئەو وڵاتە بداتەوە".

وەزیری دەرەوە باسی لەوەشکردووە، پەیوەندییەکی ئابوری و بازرگانیی بەھێزیان لەگەڵ تورکیا ھەیە بە قەبارەی ٢٠ ملیار دۆلاری ساڵانە.

بەوتەی سەرچاوەکەی پەرەگراف، وەزیری دەرەوەی عێراق وتویەتی "چەند لیژنەیەک پێکھێنراوە بۆ دیراسەی ئەو بارودۆخەو بە ھیچ جۆرێک عێراق ناچێتە شەڕەوە لە دژی پەکەکەو ھیچ دەستتێوەردانێکی سەربازیی نابێت و چوونە ناو شەڕەوە لە بەرژەوەندیی ئاسایشی نیشتمانیعێراق نییە".

فوئاد حسێن تەئکیدی کردووەتەوە ھیچ ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ تورکیا نییە کە ڕێ بەو وڵاتە بدات ئۆپەراسیۆن لە عێراق ئەنجام بدات، "تەنها یەک کۆنووس بوونی هەیە لەنێوان عێراق و تورکیادا کە لە ساڵی ١٩٨٤دا لەلایەن تاریق عەزیزی وەزیری دەرەوەی ئەو سەردەمی عێراقەوە واژوو کراوەو بە گوێرەی ئەو کۆنووسە کە بۆ ساڵێك نووسراوە، رێگە دراوە تورکیا پێنج کیلۆمەتر بێتە ناو خاکی عێراقەوە بەڵام بە مەرجێک کە ٧٢ کاتژمێر پێشتر عێراق ئاگادار بکاتەوە و پاش ٧٢ کاتژمێریش بکشێتەوە".

ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا بەناوی چنگ- قوفڵ هەفتەیەکە دەستیپێکردووەو شەڕی سەخت لە ناوچە سنورییەکانی پارێزگای دهۆک بەردەوامە.