
پەرەگراف
ژمارەی تووشبوون بە كۆرۆنا لە ئەمریكا 82 هەزاری تێپەڕاند، بەوەش پێش چین كەوت كە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەیەو 81 هەزارو 782 تووشبووی هەیە.
كۆرۆنا لە ئەمریكاو ئەوروپا بە خێرایی تەشەنە دەكات، لەسەر ئاستی دونیا تووشبوون نیو ملیۆن كەسی تێپەڕاندو گەیشتە 524 هەزار كەس. لەو ژمارەیەش نزیكەی 24 هەزاریان مردوونو زیاتر لە 122 هەزار چاكبوونەتەوە.
لە دوای ئەمریكاو چین ئیتاڵیا دێت لە زۆریی ژمارەی تووشبوون كە زیاتر لە 80 هەزارو 500 حاڵەتی هەیە، بەڵام لە زۆریی ژمارەی مردن ئیتاڵیا پلەی یەكەمی هەیەو 8 هەزارو 215 كەسی بەوڤایرۆسە مردووە ئەوەش زیاترە لە دوو ئەوەندەی چین كە پلەی سێیەمی هەیەو 3 هەزارو 169 كەسی مردووە، لە نێوان ئیتاڵیاو چین لە ژمارەی مردن، ئیسپانیا دێت كە پلەی دووەمی هەیە بە 4 هەزارو 145 حاڵەتی گیان لەدەستدان بەو ڤایرۆسە.
هەرچەندە ڤایرۆسەكە لە ئەمریكا بە خێرایی بڵاودەبێتەوەو زیاتر لە هەزارو 100 كەسی كوشتووە، بەڵام ترەمپ ئامادە نییە قەدەغەی هاتووچۆو داخستنی شوێنە گشتییەكانو شوێنی كاركردن ڕابگەیەنێت وەك ئەوەی لە زۆر وڵات كراوە.